هەروەکوو تیری موژەی دائیم لە جەرگم گیر ئەکا
یار بە تای زوڵفی دڵی دێوانەشم زنجیر ئەکا
چاوەکەی مەستی دڵی پێکام چ سڕڕێکە کە وا
ئاسکی سەحرایی خەتا شێری ژیان نێچیر ئەکا
وا خەتی دا ئەو پەری ڕووخسارە ڕووی جا تێگەیم
ئەم خەتی ڕێحانەیە ئایاتی ڕووی تەفسیر ئەکا...
جانفیدای ئەو دلبەرە شۆخەم بە نوقڵی لێوی خۆی
دائیما تیفلی گرینۆکی دڵی من ژیر ئەکا
ڕێ بە زاهید قەت مەدەن بۆ مەجلیسی مەستان ئەمان
بەدڕەوشتە سەد فسوون و حیلە و تەزویر ئەکا
گەر لە باخی ئەستەمووڵ و پاریسابم پەشمە لام
دڵ هەمیشە هەر هەوای گۆڵگەشتی باخی میر ئەکا
گوێ مەدە شیعری حەسوودی بەد کەمالی شیعری تۆ
ساف و شیرین و ڕەوانە هەر لە شەکر و شیر ئەکا