کە من تەوراتی ڕووی تۆم دی نیگاری پەلکە خورمایی
بە کۆڵێ عیلمەوە چارەم نییە وا ئەبمە مووسایی
موحەققەقمە لە باخا سەرو و عەڕعەڕگیانی شیرینم
لە باڵای تۆ ئەکەن تەعلیمی ئازادی دڵارایی
ئەگەر شەککەر دەمێکی چەشنی تۆی ببوایە ئەو عەسرە
چلۆن فەرهاد ئەبوو عاشق بە شیرین شۆخی بەغدایی
وتم ماچێک کەرەم کەی ئەتدەمێ گیانم وتی شێتیت
چلۆن ئاوی حەیاتی خۆم ئەدەم من پێت بە خۆڕایی
دووچاوم بۆیە قوربان خۆش ئەوێ تامن ببینم ڕووت
کە ڕووی تۆی پێ نەبینم ئیکە من بۆ چیمە بینایی