ئاڵەکۆک

کەمالی add_a_photo
کەمالی دیوانی کەمالی
١٠. ئەم دڵەم کاتێ زەمانی نەوجەوانی یاد ئەکا
ئەم دڵەم کاتێ زەمانی نەوجەوانی یاد ئەکا
میسلی نەی کون کون ئەبێ هەر ناڵە و فەریاد ئەکا
وا خەتی موشکین لە ڕووی هات دڵبەرم خاکم بە سەر
جا نیزامی موڵکی حوسن و ئانی ئەو بەر باد ئەکا
ڕێ مەدەن زاهید کە بێتە مەجلیسی مەستانەوە
هەر بە تەسبێحی خەریکە پێکی مەی تەعداد ئەکا
تا ئەبەد مەمنوونی پیاوی بێ ئەدەب بم هەقمە من
چونکە ڕەفتاری بەدی بۆ چاکە من ئیرشاد ئەکا
بۆ تەماع گەر خزمەتی زاڵم بکەم بێ مروەتم
عالەم ئەیزانێ کە هەر سەگ خزمەتی سەییاد ئەکا
گەر لە خۆشیانا پەڕوپۆ دەر بکەم هەقمە ئەمن
فەقر و فاقە ئێستە دائیم لێم موبارەکباد ئەکا
خوێن لە جەرگی دێ وەکوو فوارە کەمالی هەر گەهێ
مەجلیسی عیلم و قسەی شیرینی مەحوی یاد ئەکا
تیری برژانگی کە هێرش دێنێ بۆ سەر دڵ ئەڵێی
لەشکەری هیندە خەیاڵی گرتنی بەغداد ئەکا
ڕێی قیامەت دوور و بێ پایانە توێشووی لازمە
پیاوی عاقڵ بۆیە مەیلی جەمعی توێشوو زاد ئەکا

پەراوێز edit