شێوان لە شەپۆلی غەم پیشەی جیگەردار نییە
شوکر ئاوی تینەتم بۆیێ مەوجدار نییە
بێ مەرکەبی ئیشتیاق ناگەی بەجێگەی مەقسوود
سالک هەر ماندوو دەبێ لە ڕێ گەر سوار نییە
بۆلهەوەسی خودپەسند دڵی هەر لای ڕیایە
بۆیە لە سووڕانەوەی چاتر لە پەرگار نییە
عارف وەک حوبابی ئاو چاوی لە ناس پۆشیوە
بێ باکە لە پەنجەرە گەر خانەی دڵ تار نییە
کەسێک ئومێدی بڕی نایەوێ لە خۆشیدا بێ
دار وەکوو بڕایەوە چاوی لە بەهار نییە
دڵ لە جۆش و خرۆشی بێباکە لە باری غەم
شووشە وەک توایەوە ترسی لە غوبار نییە
کفنی جەنازەی خۆشم لە دەفتەری خۆم دەکەم
مەعنا غەیری قسەی خۆش بۆ خۆم یادگار نییە
هەر باخێکی مەحەببەت لەوێ گەر باخەوان بی
غەیری هێلانەی سووتاو لەسەر لقی دار نییە
دەستی قەدەر وەکوو مووم لە باخی فەرەحناکی
گوڵ لەبەر سەری دەنێ دەربەستی دەستار نییە
گەر قسەم کێشی نییە لە سووکیی قسەم نییە
ماڵی زۆر بەقیمەت بێ هەرایی کڕیار نییە