ئاڵەکۆک

بێخود add_a_photo
بێخود دیوانی بێخود
٦٨. لاواندنەوەی کەریم بەگی حاجی عەبدوڵڵای کەرکووکلیزادە
بەندی یەکەم
دیسان لە ئێمە قاپییەکەی غەم کرایەوە
دەرگای تەرەب لە عالەمی دڵ داخرایەوە
دیسان جگەر کرا بە قەنارەی مەشەققەتا
یەعنی دوکانی چەرخی جگەرچی کرایەوە
دیسان برینی کۆنی غەمی ئێمە هاتە سوێ
جامی فەرەح بە بەردی حەوادیس شکایەوە
دیسان دو چاوی سووری وەتەن بوو بە گۆمی خوێن
فرمێسک وەکوو فوارە لە دڵ هەڵقوڵایەوە
دیسان لیوای عەزا لە لیوا و ناحیە و قەزا
بۆ کوردی قوڕبەسەر بە مەسەل هەڵکرایەوە
ئەستێرەیێکی بورجی حوقووقی هەبوو وەتەن
ئیمشەو لە پڕ کشا و بە جارێ کوژایەوە
داخی غەمی فیراقی کە دانا لەسەر جگەر
زامی هەزارساڵەیی دڵ وا کولایەوە
گریا و وتی: وەتەن جگەری من بڕایەوە
شەوقی چرایی مەجلیسی غیرەت کوژایەوە
بەندی دووهەم
ئەی چەرخی بەدموعامەلە تاکەی خەتا ئەکەی!
ئەم کوردە بێکەسانە بە غەم ئاشنا ئەکەی!
دەغڵی وجوودی ئێمە هەتاکەی ئەکەی بە ئارد!
خەرمانی عومری ئێمە هەتاکەی بە با ئەکەی!
جەڕڕاحی و کەچی ئەکوژی عالەمێ بە غەدر
گۆیا برینی کۆنە و نوێمان دەوا ئەکەی!
مەعشووق ئەکەی بە دوشمنی عاشق وەکوو ڕەقیب!
باوک لە کوڕ ئەکەیت و برا بێ برا ئەکەی!
کوردی فەقیر ئەبێ چ گوناحێکی کردبێ
هەر لەحزەیێ بە سەد ئەلەمی موبتەلا ئەکەی
عەبدولکەریم کە دوێنێ لەسەر تەختی ئینفیراد...
حاکم بوو ئەمڕۆ مەسنەدی داری فەنا ئەکەی
ئەم دایکی کوردی قوڕبەسەرەت خستە تەعزیە
ئەولادەکانی چونکە دوچاری بەڵا ئەکەی
ئەگری و ئەڵێ: وەتەن جگەری من بڕایەوە
یاران چرایی بەزمی حەمییەت کوژایەوە
بەندی سێیەم
ئەی خاکی تیرە دڵ هەیە گەر زەڕڕەیێ حەیات
ڕۆحت ئەکەیتە خادیمی سەرچاوەکەی حەیات
زوڵمەت نەدیدە چونکە گەیشتی بە ئاوی خضر
تۆ نامریت و عالەم ئەکا یەک بە یەک وەفات
ئەو حاکمەی کە مەرکەزی قانوون بوو سنگی ئەو
ڕاجیع بە تۆیە قوڕبەسەر ئەهلی موراجەعات
ئەو حاکمەی کە عەینی وەفا بوو، حقووقی مەحز
تەرکی سەریری مەعدەلەتی کرد و هاتە لات
تۆش تۆ خودا وەرە وەکوو تێگەییوەکانی کورد
تەقسیر مەکە لە خزمەتی، ئەی ڕۆحەکەم فیدات
چەند ئەهلی غەدر و زاڵمی بێ دینی کرد ئەسیر
چەند بێ گوناحی دا لە حەپسخانەدا نەجات
زاتێ کەوا لە ماتەمی ئەودا بێ ئەهلی فەزڵ
چونکی لە زایعاتی وەتەن بوو، لە زایعات
ئەگری و ئەڵێ: وەتەن جگەری من بڕایەوە
شوعلەی چرایی مەجلیسی عیرفان کوژایەوە
بەندی چوارەم
ئەی بولبولی گوڵی وەتەن، ئەی باغەوانی کورد
ئەی باعیسی نیمایی درەختی ژیانی کورد
ئەی واسیتەی تەرەققی میللەت بە ماڵ و ڕۆح
سەر دەفتەری جەمیعی فیداکارەکانی کورد
زەحمەت کە خۆش ببێتەوە تا ڕۆژی ڕەستخێز
داغی غەمت لە جگەر سەروەرانی کورد
بۆ غیرەت و وەفا و حقووقت لە ماتەمان
گەورە و بچووکی میللەت و پیر و جەوانی کورد
ئەوراقی سەبری ئێمە بەجارێ دڕیت، درێغ...
ڕۆیی بەهاری عەیش و پەیا بوو خەزانی کورد
تا موڵکی ئاوەدانی بەقا بوو بە مەنزڵت
وێرانەکەی عەدەم بووەتە جێو مەکانی کورد
تابووتی تۆی کە دی وەتەن ئەمڕۆ بە چاوی خۆی
پشتی شکا کە عەشرەتی ساحێب نیشانی کورد
گریاو وتی: وەتەن جگەری من بڕایەوە
ئیمشەو ئەلەکتریکی شەوی من کوژایەوە

پەراوێز edit