ئاڵەکۆک

بێخود add_a_photo
بێخود دیوانی بێخود
٦٣. بێ قەدی تووبایی تۆ سەروی ڕەوانم بۆ چییە
بێ قەدی تووبایی تۆ سەروی ڕەوانم بۆ چییە! ؟
جەننەتی فیردەوس و عومری جاویدانم بۆ چییە! ؟
تا موژە و ئەبرۆیی جەوهەرداری تۆ بێ ئەسڵەحەم
خەنجەری قەزبین و شمشێری دەبانم بۆ چییە! ؟
ڕۆژی وەسڵت هەر سبەینێیە کەوا پڕتەو نەدا
من لە تاریکی شەوی هیجرا ژیانم بۆ چییە! ؟
سەیری تۆی گەر پێ نەکەم کوێر بم، ئەگەر چاوم بوێ!
وەسفی تۆی گەر پێ نەکەم لاڵ بم، زمانم بۆ چییە! ؟
تا بەهاری ڕوویی گوڵڕەنگت بڕێژێ ڕەنگی حوسن
سونبول و نەسرین و لالە و ئەرخەوانم بۆ چییە! ؟
بۆ قەدی هەروەک عەسایە غەیری قومری مەشرەبان
هیچکەسێ نازانێ ئاهی ناتەوانم بۆ چییە! ؟
جێگە گازی من هەتا ئەو ڕوومەت و ئەو لێوە بێ
سێوی سەردەشت و هەناری شارەبانم بۆ چییە! ؟
تۆ کە چاوت پێم بڵێ دەرسی زوبانی ئەجنەبی
وەک موفەتتیش بەگ ئیتر من تەرجومانم بۆ چییە! ؟
یار کە فەرمووی بێرە باغی ڕوومەوە بۆ گوڵچنین
بێخود ئیتر ئیزن و پرسی باخەوانم بۆ چییە! ؟

پەراوێز edit