شاعیر: بێخود کتێب: دیوانی بێخود سەرناو: بێ قەدی تووبایی تۆ سەروی ڕەوانم بۆ چییە بێ قەدی تووبایی تۆ سەروی ڕەوانم بۆ چییە! ؟ جەننەتی فیردەوس و عومری جاویدانم بۆ چییە! ؟ تا موژە و ئەبرۆیی جەوهەرداری تۆ بێ ئەسڵەحەم خەنجەری قەزبین و شمشێری دەبانم بۆ چییە! ؟ ڕۆژی وەسڵت هەر سبەینێیە کەوا پڕتەو نەدا من لە تاریکی شەوی هیجرا ژیانم بۆ چییە! ؟ سەیری تۆی گەر پێ نەکەم کوێر بم، ئەگەر چاوم بوێ! وەسفی تۆی گەر پێ نەکەم لاڵ بم، زمانم بۆ چییە! ؟ تا بەهاری ڕوویی گوڵڕەنگت بڕێژێ ڕەنگی حوسن سونبول و نەسرین و لالە و ئەرخەوانم بۆ چییە! ؟ بۆ قەدی هەروەک عەسایە غەیری قومری مەشرەبان هیچکەسێ نازانێ ئاهی ناتەوانم بۆ چییە! ؟ جێگە گازی من هەتا ئەو ڕوومەت و ئەو لێوە بێ سێوی سەردەشت و هەناری شارەبانم بۆ چییە! ؟ تۆ کە چاوت پێم بڵێ دەرسی زوبانی ئەجنەبی وەک موفەتتیش بەگ ئیتر من تەرجومانم بۆ چییە! ؟ یار کە فەرمووی بێرە باغی ڕوومەوە بۆ گوڵچنین بێخود ئیتر ئیزن و پرسی باخەوانم بۆ چییە! ؟ ++++++++++++++++++++++