ئاڵەکۆک

بێخود add_a_photo
بێخود دیوانی بێخود
٥٧. پەرێشانم لە حەسرەت دەردی دووری
پەرێشانم لە حەسرەت دەردی دووری
بە لوتفی خۆت بدەی یاڕەب سەبووری
چ دووری؟ دووری تا ڕۆژی مەحشەر
چ حەسرەت؟ حەسرەتێ تا نەفخی سووری
گەهێ بۆ شاهەکەی ئەوڕەنگی تەمکین
گەهێ بۆ ماهەکەی بورجی وەقووری
یەکێ بابا ڕەسوولی خەڵقی بێدن
یەکێ عەبدولکەریمی خانە شووری
یەکێ جەننەت مەکانی بوو عوبەیدە
یەکێ گوڵشەن تیرازی شارەزووری
نەوەی پێغەمبەرێ بوون، نەک پەری و جین
لە مەجلیسیا کە جەم کردوویە مووری
شەهادەت نامەیی عیرفان لە دەستا
موجازی مەدرەسەی دینی و شوعووری
لە تەقدیسا وەکوو شێخی بریفکان
لە تەدریسا مەلا یەحیای مزووری
لە بێشەی عیلم و فەزڵ و شەرع و دنیا
چ شێرێ بوون بە ئازایی و جەسووری
خەیاتی سەرمەدی هەر زوو بڕیبووی
بە باڵایان کەوا و خەرقەی غەیووری
درێغا ڕۆین و منیان بەجێ هێشت
لە ماتەمخانەیی تاریکی دووری
بەهەشت ئارا کە بوون العِزُّ لله
لە خۆشی خۆشیی غیلمان و حووری
بِحمد للّه شەوانی غائیبانە
موبەددەل بوون بە ئەییامی حوزووری
لەپاش ئەم دوو چرای بەزمی عولوومە
نەما پەروانە بۆی خۆشی و سرووری
منم دائیم ئەکا دوودی هەناسەم
لە سینەی مەجمەرا کاری بوخووری
منم وەک نانەوا فرمێسکم ئاگر
جگەر نان، چاو ئەکا ئیشی تەنووری
شەهیدی تێغی ئیخلاسی حەقیقی
بە فلسێ نایەوێ تۆپێ بلووری
مەحەببەت ڕێگەیێکی ڕاستە قوربان
نەکەی لادەی لە سەرحەدد و سنووری
جیهان مادامەیێکی سینەمایە
لە بەریا بێ کەوا کەوڵی سەمووری
دەخیلت بم نەدا تەفرەت وەکوو من
بە غازەی عاریزی و سپیاوی سووری
پەنا بە خوا لە بەزمی جادوییدا
لە ساقی چاوی و ساقی بلووری
بە چاکەی پڕخراپەی گەر خەڕۆ بی
یەقینت بێ کە سەرتاپا قوسووری
هەزار کەیخوسرەوی و ئەفراسیابی
هەزاران وەک سوپاهی سەلم و تووری
هەموو هاتوون و کوشتوونی لە پاشا
بە تۆپی نامورادی و تیپی زووری
خوا ساڵی وەفاتی کاکە بابا
مُنوَّر کەی مَزارستان بە نووری
لە ساڵی فەوتی شێخ عەبدولکەریما
مرصّع که أَویش یا رب قصوری
زەمین تا پڕ لە سونبول بێ کەناری
فەلەک تا پڕ لە ئەنجوم بێ جحووری
ئەوی ماون بیانهێڵی ئیلاهی
بە جاهی خۆت کەوا حەی و غەفووری
خسووس دزیایش و دانای پریسی
لەگەڵ ساداتی تەکیە و هانەسووری
کە بێخود تۆزی داوێنی ئەوان بێ
ئەشێ یا ڕەب لە تەقسیری ببووری

پەراوێز edit