ئاڵەکۆک

بێخود add_a_photo
بێخود دیوانی بێخود
٤٠. هاتە بەزمی ئێمە دوێنێ شەو برۆداسێ بەدەو
هاتە بەزمی ئێمە دوێنێ شەو برۆداسێ بەدەو
هەر بە ناکامی پەڵەی سەبری دڵی کردم درەو
هات ئەما چی هات! ؟ وەکوو گوڵ دەم لەبالەب پێکەنین
چوو، ئەما چی چوو! ؟ وەکوو نێرگس دوو چاوی پڕ لە خەو
خوسرەوێکی وا بە ناز و عیشوە هێند شەکری شکاند
بووم بە فەرهاد ئاخری بۆ گفتوگۆی شیرینی ئەو
هەرکە چاوی کەوت بە ئەبرۆی دەسبەجێ قازی وتی:
لێ بدەن مەیتەر کە ئیمشەو جەژنە، دیمان ماهی نەو
گەر بە زەڕ بۆی دەس بدایێ شێخ تەماشا کردنی
زوو جل و خەرقەی ئەنایە ڕەهن و پێناوی گرەو
چینی کاکۆڵی کە پەخشان بوو بەلای ملیا، وتم:
سەر بیلادی شەرق ئەچێ وا دیارە هۆردووی غەربی شەو
دڵ کە کونکون بوو ئەبێ جارجارە ڕازی دەرکەوێ
دەنکە دەنکە نیسک و نۆک هەر دائەدەن بێژنگ و کەو
وەه چ خۆشە تا سبەینێ دەم لەسەر غونچەی دەمی
من وەکوو بولبول بناڵم، ئەو بخوێنێ چەشنی کەو
قەت بە گۆشتەوزوون نەزانی قەرتماغەی زامی دڵ
پێستەکەی لێ لادە بێخود تێ ئەگەی کردوویە هەو

پەراوێز edit