شاعیر: بێخود کتێب: دیوانی بێخود سەرناو: هاتە بەزمی ئێمە دوێنێ شەو برۆداسێ بەدەو هاتە بەزمی ئێمە دوێنێ شەو برۆداسێ بەدەو هەر بە ناکامی پەڵەی سەبری دڵی کردم درەو هات ئەما چی هات! ؟ وەکوو گوڵ دەم لەبالەب پێکەنین چوو، ئەما چی چوو! ؟ وەکوو نێرگس دوو چاوی پڕ لە خەو خوسرەوێکی وا بە ناز و عیشوە هێند شەکری شکاند بووم بە فەرهاد ئاخری بۆ گفتوگۆی شیرینی ئەو هەرکە چاوی کەوت بە ئەبرۆی دەسبەجێ قازی وتی: لێ بدەن مەیتەر کە ئیمشەو جەژنە، دیمان ماهی نەو گەر بە زەڕ بۆی دەس بدایێ شێخ تەماشا کردنی زوو جل و خەرقەی ئەنایە ڕەهن و پێناوی گرەو چینی کاکۆڵی کە پەخشان بوو بەلای ملیا، وتم: سەر بیلادی شەرق ئەچێ وا دیارە هۆردووی غەربی شەو دڵ کە کونکون بوو ئەبێ جارجارە ڕازی دەرکەوێ دەنکە دەنکە نیسک و نۆک هەر دائەدەن بێژنگ و کەو وەه چ خۆشە تا سبەینێ دەم لەسەر غونچەی دەمی من وەکوو بولبول بناڵم، ئەو بخوێنێ چەشنی کەو قەت بە گۆشتەوزوون نەزانی قەرتماغەی زامی دڵ پێستەکەی لێ لادە بێخود تێ ئەگەی کردوویە هەو ++++++++++++++++++++++