ئاڵەکۆک

سەیفولقوزات add_a_photo
سەیفولقوزات دیوانی سەیفولقوزات
١٨. کوردینە تاکەی ئێمە لە کێوان میسالی دێو
کوردینە تاکەی ئێمە لە کێوان میسالی دێو
بێین و بچین و بۆ مە نەبێ قەت خودان و خێو؟
خەڵکی هەموو لە باغ و لە شارانە کەیفخۆش
ئێمەش بڵاو و بێسەرە ماوین لە دەشت و کێو
بۆ ئاسمان دەڕۆن و لە بەحرا دەکەن سەفەر
هەر عەرزە نیشتگاهی مە، سەنعاتە وەرد و شێو
ڕێی وانە کەهکەشانە و ڕێی ئێمە بەردەڵان
جێی وانە تەخت و بەختە و جێی ئێمە بەرد و چێو
ڕەشماڵە ماڵ و کەشک و پەنیرە مەتاعی مە
قەسر و سەرایی خەڵکی دییە پڕ لە زێڕ و زێو
لا هەڵدڕاو و جەرگبڕاو و فڕێدراو
بێ شوێن و بێ نیشان و پەرێشانن و پەشێو
فیکرێ لە کاری خۆ کەن و بگرین بە حاڵی خۆو
هەر بێ سەری و عەداوەتی خۆتانە دێتە ڕێو
ژێردەستی و ئیتاعەتی بێگانە تا بەکەی؟
شەرمە لەبۆ مە هێندە ژیان بێ نیشان و نێو
مەغبوونی هەر موعامەلە، مەحکوومی هەر کەمێک
شاهان بە مەحوی ئێمە دەبەستن گرێ و گرێو
گوردانی کوردەکان! بەخودا ڕۆژی غیرەتە
دەست دەینە خەنجەران و پیاوانە بێینە نێو
هەرکەس کە بیری تۆڵە و جێی بابی خۆی نەبێ
ئەو بێبەشە لە کوردی، دەریکەن نەیێتە دێو
بۆچمانە ماڵ و سەر کە لەسەر سەروەری نەچێ؟
کوڕ نابێ قەت بترسێ لە زیندان و دار و چێو
پێ هەڵگرن بگەینێ، کە شەڕ، بۆمە شایییە
دەست تێکگرن، درەنگە، جحێڵانە بچنە نێو
چون دوژمنن لەگەڵ یەک و بێ دەرس و مەدرەسەن
ڕاوو دەنێن بەجارێ، لە هەورازێ بۆ نشێو
ئەو ژینی بەو ڕەزاڵەتە بۆ چیتە چاوەکەم؟
بپسێین لەڕێی نەجاتی وەتەن با بە نێر و مێو
سەرچوونی تەخت، ڕۆینی سەرداری پێدەوێ
خۆشیمە بەو شەهادەتی شێخانە نێوبەنێو
کوان گوردی کوردەکان، کە لە ترسیان دەلەرزی عەرز؟
کێ بوو لە شام شا بوو، لە میسرێ ببوو خەدێو؟
ئازادی، سەربەخۆیی و میریی و گەورەیی
داوای بکەن بە زار و زمان و ددان و لێو
تا کەی لە باغی خەڵکی بە زیزی و بە ملکەچی
خۆشە لە باغی عێلی چنینی هەنار و سێو
بۆ وانە هەر چی جوانە لە جێ و دێ و لە ژن، لە ماڵ
هەر شاخ و داخە بۆمە، کوڕی ڕەش، کچی دزێو
هەر میللەتێ لە لاوە حەقی خۆی بەدەستەوە
کوردە کە سەرهەڵێنێ، دەڵێن بۆتە سەربزێو
هەرچی دەبێ، بڵا ببێ، حەق هەر دەڵێ حەسەن
نیمە لەڕێی وەتەن غەمی دەرکردن و جنێو

پەراوێز edit