ئاڵەکۆک

سەیفولقوزات add_a_photo
سەیفولقوزات دیوانی سەیفولقوزات
١٣. ئەو زوڵمە لەسەر چی کە دەکەی لێمە بە ناحەق
ئەو زوڵمە لەسەر چی کە دەکەی لێمە بە ناحەق
هەر عیشقە گوناحم بوەتە باعیسی نەستەق
سەر، گۆیە لە مەیدانی غەمت، پێی بکە بازی
ئەزیەت مەکە زولفت بە شەقێ لێی بدە سەر شەق
قەوس و قەزەحە تاقی برۆت ئەوڕۆ بە وەسمە
بۆیە دڵەکەم لەتلەتە بۆ خەنجەری ئەزرەق
خۆم خستەوە بەر پێ، بە ئومێدی سەری زولفت
دەخولێمەوە بەو ڕیشتەیی گیسوو وەکوو مەزرەق
دەڕژێنێ بە یەک غەمزە نیگات خوێنی سپاهێ
دەشکێنێ بە ڕووی تۆبەشکەن تاقی خەوەرنەق
بەو زولفی سەرازیر لەسەر چاهی زەنەخدان
ئاوێزە دڵم هەر وەکی هاڕووتە موعەللەق
هاتم بە خەیاڵ سەیری گوڵستانی ڕوخت کەم
پێگیری خەیاڵیشی نەدا لووسی و ڕەونەق؟
بەو زولفی سەراپا وەکوو ئاهوویی موقەییەد
یا شەهپەڕی تاووسە لەدووی کەبکی موتەووەق
تا بەخت ڕەشی بۆ حەسەنە باعیسی دووری
ڕووی زەردی بە سووراوی سریشکی بووە ئەبڵەق

پەراوێز edit