زریانەشێتە سەری من فیدای شنەشنت
قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەمجارە وا وەرە
کاڵان دەپێ کە بۆ نەڵێنی فەقێ ئیسییان
ئۆردوو لەوێیە خێوەتە، خەرگایە چادرە
جەمعن لەوێ هەموو عێلاتی موکریان
ئەو دەشتە پڕ لە نۆکەر و ئاغا و بەگلەرە
بیستوومە چۆڵە ڕێگەش بڕێک بێ زەخیرە
برسیت نەبێ هەتا دەتوانی تۆشە هەڵگرە
تۆراغ و قەند و چایی ئەوەند تا دەگەییە وێ
نان و کولێرەچەورە و پەنیر و کەرەش بەرە
ڕێگەش بڕێک بە ترسە نەوەک تووشی کێشە بی
خەنجەر وە بەر چەقێنە و دەمانچە و تفەنگ بەرە
ئەو دەستە پاکەتە بنێ گیرفانی باخەڵت
دەسرێکی تێوە پێچە و زۆر جوانی هەڵگرە
نووسیومە بۆ حوزووری سەعید خانی ئەدهەمی
ڕان و ڕکێفی جوانە، تیغی دەبانە موجەوهەرە
تەعریف ناکرێ بە قەڵەم چۆن تەواو دەبێ
میرزایە، سواری چاکە، ڕەشیدە، دلاوەرە
ئەووەڵ بڕۆ هەتا وەکوو نزیک خێوەتان
کانییەکی لێیە ئاوی وەکوو ئاوی کەوسەرە
دەوری گوڵۆکە پاکی هەڵاڵە و وەنەوشەیە
گیاخاوە، سوێسنە، مەندێیە، شەستپەڕە
دانیشە دەست و دەم و چاوی خۆت بشۆ
خاوێن لە تۆزی ڕێگە و دەستنوێژێ هەڵگرە
ئەمجارە هەستە نەختێ لەسەر گردی خێوەتان
ڕاوێستە تاکوو سەعاتێ سەبر گرە
چاوت بگێڕە تاکوو دێنە دەرێ نۆکەر و غوڵام
جانگیر و مستەفا و عەلی بانگ کە ئەو سەرە
دەست تێکگرن، قەدرێ هەڵپەڕن بڵێ بڵێ
تۆخودا عەلی بە یادی ڕەسووڵ چاکی هەڵگرە
تێکڕا بڕۆنە خوارێ بە لینگدان و پێکەنین
تا دەچنە بەردەمی ئەو گەورەچادرە
ئەووەڵ بچۆرە خێوەتی سەرتیپی شاریکەند
قوببەی هەموو لە زێڕە پەراوێزی مەخمەرە
مەزن و ڕەئیسی عێڵ و خەوانینی موکرییە
سەر تا قەدەم لە عەقڵ و شەجاعەت موسەووەرە
ڕاوەستە هەندێ لەبەر دەرکی خێوەتا
ئێزنێ بخوازە، زۆر بە ئەدەب پەردە لابەرە
دوای سەلام، زۆر دوعای خێر و ئیشتیاق
بۆ عەرزی ئەم نیازە ئیجازێکی وەرگرە
عەرزیان کە، بێت و عەرزی نیازم قەبووڵ بکەن
مەمنوونی لوتفی ئێوە دەبم تاکوو مەحشەرە
ئەمجارە کاکە سەعیدم بۆ بنێرنەوە
بۆ هاتنەوەی هەمیشە دوو چاوم لەبەر دەرە