ڕۆژی جێژن و شادییە یاران وەرن با کۆوە بین
زاهید و سۆفی وەدەرنێین گوێ نەدەینە واعیزین
موتریب و ساقی بڵا بێن دەست بە تار و جامی مەی
بۆ تەماشا بێن بە لەنجە دڵبەرانی نازەنین
سونبول و ڕێحانە و گوڵناز و شەوبۆ و سوورەگوڵ
خاڵ و پەرچەمیان وەدەرخەن خونچە بێنە پێکەنین
سەرو و شمشاد و چنار و نەخل و نار و ناروەن
ڕابوەستن، ببنە خزمەتکار لالە و یاسەمین
هەوری ڕەحمەت با ببارێنێ لەسەر گوڵزار و باغ
بای سەبا با بێنێ بێنی ڕەوزەیی خولدی بەرین
سەفبەسەف غیلمان بڵا بێن دەست بە تار و جامی مەی
دەستەدەستە بۆ نەوا و خونیاگەریی بێن حۆری عین
تاق و جووتی تاق بە تاقم بچنە پێشوازی خەڵات
وا ئەمیر هێنای لەلای شاهەنشەهی ئێران زەمین
واریسی تەختی کەیان سوڵتان ڕەزا شای پەهلەوی
سێبەری ئەمن و ئەمان و ساحەبی تەخت و نگین
یەک سەدا و ئاوازە با دەستی دوعا پێشی خودا
بۆ دەوامی دەوڵەت و عومری شەهەنشا ڕاگرین
وا عەسایێکی موڕەسسەع پڕ جەواهێر ناردی بۆ
حاجی بابا شێخی جەمیان نەسلی خەیرولموڕسەلین
ساحیبی سەیف و قەڵەم حاجیی و غازی و پێشەوا
ساحیبی شەرع و تەریقی موقتەدایی موتتەقین
ئەو عەسایە بۆ شکستی حاسیدانی ئەو بڵێ
وەک عەسای مووسایە یەعنی تِلک سَعبانٌ مُبین
سەد هەزار جارت موبارەک بێ خەڵاتی پادشا
ئەو یەدی بەیزا و عەسایە هەر دوو ئایاتی مەتین
بۆ نیساری ئەو خەڵاتە من کە دەستم خاڵییە
ڕۆحی خۆم هێناوە فەرموو ئەی ڕەئیسولعاریفین
بۆ عوموم ئەوڕۆکە جەمیان مەلجەئو دارولئومید
خاسە بۆ تۆ جەوهەری، حَمدً لِربّ العالَمین