وا دەڵێن کوردانی ئەتڕافی شیمال مەردانە بوون
باوەفا بوون تالیبی میهر و وەفای بێگانە بوون
عاشق و مەفتوونی عیشوە و غەمزەکەی جانانە بوون
ئاخۆ ڕاس بێ یا کە خەڵکی تابیعی ئەفسانە بوون؟
چاکە تێفکرین لە ئەحواڵی وەتەن
بۆچی وا وێران بووە ماڵی وەتەن
عیللەتی ئەسڵی نیفاق و ئیختیلافی میللەتە
باعیسی ئەم ئیختیلافاتە گەزافی میللەتە
ئەم هەموو بەدبەختییە ناشی لە لافی میللەتە
چاری ئەم ناچارییە باز ئیئتیلافی میللەتە
لەتلەتە جەرگم لە دەس ئەم میللەتە
کوتکوتە بەرگم لە دەس ئەم میللەتە
ئەو دەڵێ ئەم سونییە و کافر، بە شێخە موعتەقید
ئەم دەڵێ ئەو شیعەیە و بۆ سەببە و ڕەفز موستەعید
ئەم دەڵێ ئەو زاڵمە و مایل بە جەور و موستەبید
ئەو دەڵێ ئەم یاغییە، ئەم باغییە، ئەم مونتەقید
داد لە دەس ئەحواڵی جوههالی وەتەن
داد لە دەس ئەعمالی عوممالی وەتەن
پێشەواکانمان دەکەن هەر یەک بە نەوعێ ئیجتیهاد
ئەم دەکا لەو ئیجتیناب و ئەو دەکا لەم ئینتیقاد
ئەم دەدا نیسبەت بە کرداری ئەوی تر ئیڕتیداد
ئەو دەکا نیسبەت بە گوفتاری ئەوی تر ئیستیناد
زار و بێزارم لە بێکاریی وەتەن
هەمدەمی عارم لە بیماریی وەتەن
ئەم دەڵێ من بادەنۆشم بادەیی سەرشار ئەخۆم
ئەو دەڵێ من تالیبی یارم، فریبی یار ئەخۆم
ئەم دەڵێ من حیزبم و بەرتیل لە دەس ئەغیار ئەخۆم
ئەو دەڵێ من خادیمم وا نێعمەتی دەربار ئەخۆم
ئەم گەزاف و ئەم خرافاتە چییە؟
باعیسی ئەم ئیختیلافاتە چییە؟
جەوهەری تا قەومی ئێمە یەکدڵ و یەکسان نەبن
تابیعی ئەمری خودا و پەیڕەوی قورئان نەبن
تابیعینی موسلیمین و حەلقەیی مەردان نەبن
تا موبیعی... و ئەمری ئولولئەمران نەبن
موشکیلە ئەم دەردە دەرمانی ببێ
زەحمەتە ئەم هیجرە پایانی ببێ