لاحەولە لە سەر تا بە قەدەم دڵبەر و شەنگە
بۆ جەزبی دڵی عاشقی عیشقت چو نەهەنگە
پەنجەت کە بە خوێنڕێژی دەڵێی شێر و پڵنگە
«ئەی پڕتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی هەمە ڕەنگە
خاڵت بە مەسەل زولفی سیاهت شەوەزەنگە»
ئاشووبی زەمەن، زیبی چەمەن، سونبولی خۆشبوو
گێسووی و برۆی نازر و حەیرانە بە هەرسوو
ئەی سەروقەدی سیمتەن و مەهوەشی گوڵڕوو
«بەزم و تەرەب ئامادەیە، ساقی مەیێ فەرموو
دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازەیی چەنگە»
بیمارە دڵم، تەنگە وەکوو غونچەیی زارت
بوو باعیسی مەخمووریی من، چاوی خومارت
خەجڵەت دەرە بۆ حۆر و پەری، حوسنی ویقارت
«سەد نامی خودا بێ لە دوو پوستانی ئەنارت
گرد و شلک و ناسک و پڕ چەنگ و قەشەنگە»
جارێکی لە عوششاقی نەپرسی چییە حاڵی
دووری تۆ دەچێژێ، بەسە ژەهر و خەم و تاڵی
بێچارە بە تیری تۆ بریندارە، دەناڵی
«لێوت کە وەکوو لەعڵی بەدەخشانە بە ئاڵی
گەنجوور و نگەهبانی دەهان و دەمی تەنگە»
ڕووت شەمسە، کە سەر تازە وەدەر دێنی لە خاوەر
شوعلەی لە سەر ئافاقی مەلاحەت وەکوو داوەر
فەرماندەیی ئەبرۆیی خەمت، ئامیر و یاوەر
«تابووری موژانت لەگەڵ ئەگریجە بەرابەر
وەستاوە ئەڵێی لەشکری ژاپۆن و فەڕەنگە»
چاوم کە لە موشتاقیی ڕووت بۆتە بە دەرمان
وا چاوەڕێ و والە و گریانە، دوڕئەفشان
مەزڵوومە، ئەسیری تووە، مەحکوومە بە فەرمان
«مورغی دڵم ئەر خەستە و خوێنینە بە قوربان
پێکاوی موژەی تۆیە، نە کوژراوی تفەنگە»
ڕووت جەننەت و حوسنت مەلەک و ساحرییەت جن
بۆ هاڵەیی دەوری قەمەرت کافر و موئمن
ناوەستێ لەبەر تیری موژەت جەوشەنی ئاسن
«چاوت بە مەسەل ئافەتی دڵهایە، وەلاکین
بۆچ وایە کە ئەبرۆیی کەچت مەیلی بە جەنگە»
بۆ دیتنی ئەم ڕۆژە زەمانێکە لە سەر ڕێم
قەولی، لە کەڕەمدا، بەمە فەرموو کە شەوێ دێم
حازر بێ مەی و ساقی و پەیمانە لەگەڵ جێم
«عاجز بوو کە ڕووم خستە بەری پێی و وتی پێم:
ئەی ئەبلەهە کەی ماڵشی ئاوێنە بە سەنگە»
بەو شەهدی لەبت تفڵی دڵم چون بووە موعتاد
حەیرانە بە کێوی غەمەوە عاجز و ناشاد
یەکدەم بە دەمی خونچەیی شیرینی بکە یاد
«سەرگەشتە و ئاشوفتەیی ئەشقم وەکوو فەرهاد
کێوم بەدڵ و سینە و سەر، پەنجە قوڵنگە»
ئینسافە! بە هەوری وەرە ئەم پەردە مەپۆشە
بەم نەرگسی شەهلا، بەسە عیشوە مەفرۆشە
باکی چ بە شیرینە، ئەدیب مایلی نۆشە
«مەنعی مەکە، 'تاهیر' کە ئەگەر مات و خەمۆشە
دێوانەیی ڕووی تۆیە نە مەستی مەی و بەنگە»
ئەی پەرتەوی ڕەنگت وەکوو ڕەنگی هەمەڕەنگە
خاڵت بە مەسەل زولفی سیاهت، شەوەزەنگە
بەزم و تەرەب ئامادەیە، ساقی مەیێ فەرموو
دەنگی دەف و ناڵەی نەی و ئاوازەیی چەنگە
لێوت کە وەکوو لەعلی بەدەخشانە بە ئاڵی
گەنجوور و نگەهبانی دەهان و دەمی تەنگە
تابووری موژانت لەگەڵ ئەگریجە بەرابەر
وەستاوە ئەڵێی لەشکری ژاپۆن و فەرەنگە
سەد نامی خودا بێ لە دوو پوستانی ئەنارت
گرد و شلک و نازک و پڕ چنگ و قەشەنگە
بۆ باری خەمت گەر بەدەنم سستە مەڕەنجە
پێکراوی موژەی تۆیە نە کوژراوی تفەنگە
سەرگەشتە و و ئاشوفتەیی ئەشقم وەکوو فەرهاد
کێوم بە دڵ و سینە و سەر، پەنجە قوڵەنگە
چاوت بە مەسەل ئافەتی دڵهایە وەلیکن
بۆچ وایە کە ئەبرۆیی کەچت مەیلی وە جەنگە
لەم ڕۆژە کە ڕووم خستە بەری پێی و وتی پێم
ئەی ئەبلەهە، کەی ماڵشی ئاوێنە بە سەنگە؟
مەنعی مەکە تاهیر کە ئەگەر مات و خەمۆشە
دێوانەیی ڕووی تۆیە نە مەستی مەی و بەنگە
«تاهیربەگ»