ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
٧٧. گەنەی پەیدا بوو ئەم بێر و کۆزە
گەنەی پەیدا بوو ئەم بێر١ و کۆزە
قەزای دیزەیە وا کەوت لە گۆزە

گوێرەکەیەکی لەڕ کەوتە پەموو
گاگەل بە زیان ناوبران هەموو

لافاو دار و بەرد تێک ئەڕووخێنێ
قەزا لە قەزا تۆڵە دەسێنێ

من ماسیم نەهێشت لە ئاوی زەڵما
کەچی لەشی تەڕ بۆ خەڵکی تر ما

من شەکر و ڕۆنم ئەکرد بە حەڵوا
کەچی بۆ خەڵکی ئەبوو بە لوا

پێنج و دوو ڕۆژە خەوی ڕاگوزەر
هەر کەسە دەورەی خۆی دەباتەسەر

ئەی دنیای فانی، کاروان سەرا ڕەنگ
نێمێ بە دڵ شاد نیمێ بە دڵ تەنگ

لایێ چل فەردەی شەکراو بەش ئەکا
لایێ تۆپەڵێ قوڕەڕەش ئەکا

خوا هەر ئەو خوایە قەلەندەرخانە
ئێستا چۆن بووە وەک "چروستانە"

کاڵەکم هەموو لە ژووردا تەپی
خۆم بۆ سەرچۆپی چوومە ناو قۆپی

خوا یار بێ هەموو دێنەوە کایە
سەبری پێ‌دەوێ ئەمە دنیایە

١. بێر: مه‌به‌ست له بێره‌کردنی مه‌ڕ و بزنه‌.
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٩٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit