ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
٧٦. باران کە ناوی ڕەحمەتی خوایە
باران کە ناوی ڕەحمەتی خوایە
بۆ کشت‌وکاڵمان ئەوە سەرمایە

زۆرجار هێلانەی بەدبەخت تێک ئەدا
لە شۆرەکاردا دڕک لێک ئەدا

خوا تەجەللی خۆی بەم کوردە نواند
'لیلە القدر'ی بە... یا دۆڕاند١

حەوتەوانەمان بۆ دێتە بەرماڵ
ئێمە ئەیدەینە بەر گورزی بەرماڵ

خەڵکی بۆ یارمەت پشت ئەدەنە یەک
ئێمە بۆ تۆران پشت ئەکەینە یەک

نیشان بەو نیشان ئەمجارەی دەربەند
لای دۆست و دوژمن پشتمان لە یەک سەند

کەس دەربەندەی کەس نییە بۆ مردن
ئەو دەربەندەیە زاماری کردن

بەخیل سێ نەوعە لەم دنیایەدا
یەکێ نایەوێ خۆی٢ بە کەس بدا

دووەم نایەوێ چاکەی کەس بۆ کەس
سێیەم دەربارەی خۆیشی فریاد‌ڕەس

ئێمە لە دەستەی سێیەم بەخیلین
لەچاو شاران دا بۆیە زەلیلین

ئەڵێن: بۆ ڕێ و بان ئەمەندە پارە
ئیسرافە دڵمان پێی بریندارە

هەرچی ئەیکوتم ئاسنی ساردە
سا توخوا مەلا ئەمیشە ئاردە

١. ئه‌م بۆشاییه‌ له ده‌ستنووسه‌که‌ و له‌ ڕۆژنامه‌که‌دا، هه‌روا چه‌ند نوخته‌یه‌کی بۆ دانراوه‌.
٢. دەبێ 'خوێ' بێ، نەک 'خۆی'.
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٩٤.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit