ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
٧٠. عادەتی دونیا بە سات ئەگۆڕێ
عادەتی دونیا بەسات ئەگۆڕێ
زۆر دەوڵەت هەیە لەپڕ ئەدۆڕێ

هاونشینی بەد زوو تەئسیر ئەکا
زۆر دۆستی گیانی لێ دڵگیر ئەکا

چەن قەزای دیزە کەوتووە لە گۆزە
ڕەش هەر ڕەشە لای ئەهلی ئەم کۆزە

کە قەلەڕەشمان ڕێ‌پیشاندەر بێ
ئەبێ گەورەمان هەر دەربەدەر بێ١

ئەمە دووجارە ئەکەوینە چاڵ
زەرەر دەبینین بە ماڵ و بە حاڵ

هێشتا پیاوی چاک لێک ناکەینەوە
گرەو لە پیاوی بەد نابەینەوە

تا ئیمڕۆ پیاوی خۆمان ناناسین
بە گوریسی بەد ئەبێ بتاسین

هەندێکمان هەیە دوڕ دەقەڵێشن
کەچی بە تەفرەی بەد دڵ‌بەئێشن

هەی لە ڕێی خوادا کە دێینە قسە
ئەرەستۆ لامان هیچە و ناکەسە

کەچی بە "بلۆف" ئەمان ترسێنن
لەغاومان دەکەن، دەمانڕەتێنن

نازانین چاک و خراپمان کێیە
بۆ گردی سەیوان ئەچێ ئەم ڕێیە

١. ساڵح زه‌کی به‌گ موته‌سه‌ڕیفی سلێمانی بووه و گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ پارێزگای دیالی. پیره‌مێرد ئه‌م په‌نده‌ی به‌و بۆنه‌وه‌ نووسیوه‌.
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٤٨٨.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit