ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد پەندەکانی پیرەمێرد
١١. کەسێ دڵسۆز بێ بۆ هەموو کەسێ
کەسێ دڵسۆز بێ بۆ هەموو کەسێ
دەرگایشی نەبێ لە دز نەترسێ

بە قاسپەقاسپی کەو بایەخ مەکەن
دیتە بۆ ڕاوی جینسی خۆی دەبەن

پیاوێ دووربین بێ نابێ تەنیا بێ
کە دۆستی نەبێ دەستیشی نابێ

ئەوی بەتوندی لە جێی خۆی هەستا
کاتێکت ڕوانی ماندوو بوو وەستا

هەرچی ئەزانی بۆت ناچێتەسەر
مەیکە بە خولیا و بەکەڵکەڵەی سەر

نەزان، نەزانێ کە هیچ نەزانە
بەختیش ڕووی تێ‌کا خانە وێرانە

خودپەسەند دێوی نەفسی نەدیوە
خۆی لە ئاوێنەی دێواندا دیوە

مەلا بەدخوو بێ و بێ وەعز بدا
بە زۆر غەیبەتی خۆی بە خەڵک ئەکا

ئەو شێخەی مووچەی مرید وەرئەگرێ
دەمی "برنگ"ە و خوری پێ ئەبڕێ

بەو پارەیەی شێخ بەهەشت ئەفرۆشێ
نەتەوەی پیاڵەی مەی پێ دەنۆشێ

گەنجێ بە ڕەنج بێ ئەمێنێتەوە
میرات بۆ "نەوە" شەڕ ئەنێتەوە

ڕۆڵە ئەم پەندەم بە سەرمەشقت بێ
لە سەوداگەری، سەودای عەشقت بێ

بە عەشق ئازادەی هەر دوو جیهانی
کە عەشقت نەبێ لەشی بێ‌گیانی

ئەو سەرەی سەودای عەشقی تیا نییە
کوولەکەی وشکی ئاوی کانییە

خۆشیان ئەوێی هێشوە خۆشناوێ
جنێوفرۆش بێ، باوکت خۆش ناوێ

لە مەیدانا کەس دەنگی دەرنایە
کە دوژمن شکا، زۆر کەس ئازایە

ئەوی هەڵگری بە وشک و تەرە
لە ماڵی خۆیا شای بەحر و بەڕە

بەڕەشڕ دەشۆی بە ئاوی کانی
قەدری ئاو مەگەر لە چۆڵ بزانی

ئەوی ڕووبەڕوو تۆ هەڵدەکێشێ
پاش ملە بە داخ ئاخ هەڵدەکێشێ

ئێستاکە مووچەی جاسووس نەماوە
لە دوور ئەم نانە بەو ڕۆنە باوە

دیتە کە "بەز"یان بە "کتک" سپارد
چۆن پارەی پەزیان ژمارد و بژارد

ئەوی بە کتک بەزێ دەسپێرێ
دیارە بز دارە پەزیش ئەبژێرێ

ئەڵێن گوێرەکە بە پەموو فێر بێ
دەست هەڵناگرێ زکیشی تێر بێ

کەوتووینە دەورێ جوان پیری ناوێ
ئەو دەورە گوزەشت چوار ژن بۆ پیاوێ

مسکێن و ئاغا لێک ڕاست بوونەوە
قوربانی و قوربان لەبیرچوونەوە

موشیر و سوڵتان وەک گورز و قەڵغان
هەڵگیران لەگەڵ سفرەی دیوەخان
پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ٣٥٨.
ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit