ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی وەرگێڕان
٢. یاران لە جەرگم
یاران لە جەرگم، یاران لە جەرگم١
تیری شەم ئەمشەو درا لە جەرگم

بەو تیرە گەیمە ئاکامی مەرگم
شەهیدم کفن مەکەن بە بەرگم

من ئەو شەهیدەم بوومە پێناوێ
ئەوی شەهیدە کفنی پێ‌ناوێ

هەروا بە خوێنی زامی جەرگەوە
بمنێنە ژێر خاک، خوێن بە بەرگەوە

با بەو ئەندامەی گوڵ‌ڕەنگیمەوە
پەروانە‌ئاسای بێدەنگیمەوە

شتن نەیگۆڕێ خوێنی زامانم
بەوە پەسەندی ناو شەهیدانم

بەڵام وەسیەتم ئەمە بێت لاتان
هەر چەن کەوتوومە دوورە وڵاتان

تەنیا گۆڕکەم لە ڕێی خێڵان بێ
نزیک هەوارگەی سەر ڕەوێڵان بێ

کێلێکی بەرزیش بە قەت باڵای (شەم)
لە ژوور سەرم بێت، بێ زیاد و بێ کەم

تاقێکیش وێنەی تاقی ئەبرۆی ئەو
کە سوجدەگاهی گیانم بێت بە شەو

بنووسن بە خوێن جەرگی سڕ کردووم
کە من بە تیری دەستی (شەم) مردووم

چونکە ئەو (شەمە) تاتاری چینە
لە دەشت بێزارە، هەوارنشینە

بەڵکوو هەڵکەوێ لە ڕێگوزارێ
رێگەی بخاتە سەر گۆڕم جارێ

بزانێ کوشتەی دەستی خۆیەتی
لە خاکا مەیلی ڕەنگ و بۆیەتی

جوابی سوئالی گۆڕیشم وایە
دیاری مەحشەرم شۆڕی لەیلایە

١. وەرگێڕاوی شیعری وەلی دێوانە، لە هەورامییەوە بۆ سۆرانی؛
یاران نە جەرگم، یاران نە جەرگم
تیر شەم ئەمشەو دریا نە جەرگم
پیرەمێردی نەمر، دیوانی پیرەمێرد، بەرگی دووەم، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، لاپەڕە ١٤٢.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit