ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی ئایینی
١٠. خوایە زیندەگی بدە بە دڵم
خوایە زیندەگی بدە بە دڵم
هێندە دڵ مردووم بۆ خۆم خەجڵم

من خۆم نازانم داوای چیت لێ بکەم
هەر ئەوەم ئەوێ ڕێی لای تۆ دەرکەم

شێتی وا هەیە شەق ئەوەشێنێ
عاشقە و شێوەی شێتی ئەنوێنێ

من دێوانەی تۆم بەتاقی تەنیا
وا شەق هەڵئەدەم لە هەردوو دنیا

ئەو ڕۆژەی گڵی لەشت داڕشتم
تۆزێک لە لیقای خۆتت تێخستم

وا بەو مایەیە گەیشتمە مەرام
تەنها تۆم ئەوێ بەهەشت پەشمە لام

ئەوەی بە ماڵی دنیا باییە
چاوی لە گەنج و پادشاییە

پیشەی هەڵکردی من گەدایییە
مەیلی تۆ بۆ من شادی و شایییە

ئەزانم منت بۆ خۆت دروست کرد
هەوڵ و حەسوودیت لە دڵم لابرد

تۆ بۆت دانا بووم من بەشی خۆم برد
کەوا بوو هیچمان زیانمان نەکرد

خۆت لە قورئانا وەهات فەرموو بوو
«رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ»
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٧٤و٧٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit