ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی بۆنەکان
١. ئەبێ بەخشندە مل کەچ کا، لە ڕاستی موچەخۆری خۆی
ئەبێ بەخشندە مل کەچ کا، لەڕاستی موچەخۆری خۆی
سوراحی، بۆ پیاڵە، سەر فرۆ دێنێ، کە تێکا بۆی ١

کە ئاوداری لەسەر سەر، گرتووە، ئەزانێ چی تیایە ٢
لەلای نەنگە کە پەروەردەی نقوم کا گەورەیی وایە

لقی شۆڕی درەخت میوەی ئەخۆن بێ ئەرکی بەرد و دار
پەڵی بەرد بۆ پەلی بەرزە، لەقەیشە بۆ لقی بەردار ٣

لە دەردی دووریا، بێزار و بێزراوم، ئەمەند زارم ٤
ئەجەل دێ بمکوژێ، نامناسێ، چی بکەم، نامرم ماوم

لەبەر ئاشووبی خێڵم، هیچ شەوێ خەو نایەتە چاوم
خەوی ناخۆش ئەبینم، بەم پەرێشان خاویە، خاوم

ئومێدی سەر لەسەر دەرکەن، ئەوانەی ڕاست و ڕووناکن
قەڵەم، هەر سەر قەڵەم، مۆم بۆ مقەست، هەر بۆ ئەویش چاکن

ئەڵێن مورغی سلیمان ئاو لە ژێر خاکا ئەبینێ ئەو
منیش حەوت ساڵە ڕێ دوور بێ، بە چاوی دڵ ئەبینم ئەو

چڕا ڕووناکی بۆ ژێر خۆی نییە ڕەحمەت لە بابی با
ئەوی ڕووناکی کەچ بینایە، گۆڕە ڕەنجی با بیبا

بە جووت پەروانەو و ماسی کە دڵدادەی چرا و گۆلن
نزیکی ئەم سووتینێ، لە دووری ئاو ئەوان حۆلن

١. لای (م. هـ) ئەم نیوە بەیتە بەم جۆرە نووسرابوو:
سوراحی سەر فروو دێنێ لە بۆ پیاڵە، کە تێکا بۆی
٢،٣، ٤. ئەم نیوەبەیتانە لە لاپەڕەی -٧٣-ی دیوانی پیرەمێردی (م. هـ)دا جۆرێکی جیاوازن.
پیرەمێرد ئەم هەڵبەستەی بە بۆنەی دڵهێشاوی شێخ مەحموود لە پیرەمێرد خۆی نووسیوە.
دیوانی پیرەمێرد، ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٣٥٨و٣٥٩.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی
پێداچوونەوە: ئاڵەکۆک

پەراوێز edit