ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
چەند تاکە بەیتێکی پیرەمێرد کە بە شێوەی وردەکاری سەبارەت بە چاو نووسیونی. کێشی هەر بەیتێک لەوی تر جیاوازە.

«قەدم کەوانە، دڵ بە قەدی تۆیە چاوەڕوان
میوانی تێری خۆشتر ئەوێ، خانەخوێ، کەوان»

«ئەگەر چاوم بە تۆزی ڕێت بڕێژم
بە فرمێسک داری توبای ‌تیا ئەنێژم»

«لە دڵما تا خەیاڵی چاوی کاڵە
هەموو عالەم لە پێش چاوم خەیاڵە»

«تەلی چرایە لە چاوی تۆوە بۆ کونجی دڵم ڕاکێشراوە
ئەو دەمەی تۆ ئەڕوانیتە من، تەلی کارەبای دڵم پچڕاوە»

«شیعری بڵند کە تەعلیمی ئیلهامی پێوەیە
ئیلهامی شیعری من لە نیگای چاوی تۆوەیە»

«چاو کە دەردی دووری تێکەوت، ئارەزووی گریان ئەکا
نیوە موویەکیش کە کەوتە چاوەوە هەر ژان ئەکا»

«تۆ لە پێش چاوم نەمای، گیانیش لە لەشما دەرچووە
هەروەکو ئاوێنە سوورەت لاچوو، عەکسیش لاچووە»

«بە چاوی مەستی هۆشی لێ فڕاندم، عەشرەت هاوارە
نەخۆش ساغ ڕووت ئەکا، بێ حاکمە، شێواوە ئەم شارە»

«کاغەزێکی سپیە، ناردم، تێبگە مەعنای چییە
چاوی من بەدڕەنگە سپیە چونکە چاوی لێت نییە»

«چاوت دووکەڵی لێ دێ، بڕۆ لەو دوورەوە مەمێنە
چونکە ئەو دووکەڵە قرچەی دڵمە، ئاگری لە شوێنە»
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: محەممەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ٢٠٨و٢٠٩.
پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ١٢و١٣.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit