گیانە وەنەوشەو چنوور لەگەڵ گوڵ
سەودای دیدەنی تۆیان کەوتە دڵ
چنوور لە کێوان، وەنەوشە لە چەم
گوڵ لە گوڵستان یەکیان گرت سەرجەم
هاتنەلام وتیان: تۆ رابەرمان بە
ئەمەمان بۆ بکەو تاجی سەرمان بە
ئەوا هەرسێکم بەستن بە دەستە
هاتنە خزمەتت بە دەستی بەستە
هەریەک بەڕەنگێ مەرامی پێتە
بۆ نیازی خۆی خاکی بەرپێتە
چنوور بۆ زوڵفت لوول و پەشێوە
وەنەوشە مل کەچ خاڵی لای لێوە
گوڵ کە نازکی گۆنای تۆی دیوە
چقڵی خۆی لەژێر پێی هەڵچەقیوە
تۆ پایەبەرزی شای شیرین ئەندام
با لە سایەتا بگەن بە مەرام