ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
١. سەراپای کچە جاف
کچۆڵەی بەناز، کچۆڵەی بەناز
جنسی لەتیفی شۆخی سەرفراز
بازی عیشوەباز، دۆستی شەکەر راز
پێکەنینەکەت بۆ زام مەرهەم ساز
بولبولی سەرچڵ، سەرچڵی غەمماز
شاهینی شاهی سەر قوللە پێباز
رەنگی روخسارت بەیانی بەهار
ئەگریجەت بەندی دڵە وەک زننار
برۆت لەڕووی روو تۆر کردووی لووت لار
کەوانە پەرگار دەستی کردگار
برژانگ لە کەوان ئەبرۆ تیرئەنداز
چاو دیدەی ئاهوی خەواڵووی خامۆش
بروسکەی تیلی سەرجۆی شەڕفرۆش
بە نەشئەی بادەی نازی خۆت سەرخۆش
مەیخانەی عەشقی خستۆتە خرۆش
حوسن و عەشق لەگەڵ یەک کەوتوونە راز
گوارە کەوتۆتە ژێر ئەگریجەی خاو
هەڵاوەسراوە لە خوێندا گیراو
لامل و گوارە هەردوو تەڵای تاو
هەردوو ژێر ماڵەی فەرقی زەڕکڵاو
گیان و دڵ بۆیان کەوتۆتە پەرواز
سەر گۆنات سێوی لاسوورەی سەردەشت
پاوانەت داوی گەنمەکەی بەهەشت
تامەزرۆ زۆرە هیچ کەس لێی نەچەشت
کەمەر بەستەی دەست وەیسی ماهی دەشت
ئاڵ لەسەر سپی سنعتی کارساز
سینە زیوی قاڵ لە بۆتەی یەزدان
جووتێک شەمامەی بێستانی جەنان
هێشتا نەیدیوە دەستانی دەستان
پەنهانە لەژێر کراسی کەتان
لە درزی بەرۆک وەک مانگ شەوق ئەنداز

پەراوێز edit