ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
١٩. نازک تەدارەک
نازک تەدارەک فەسڵی بەهارە
زەریف ئارایش هەردە و کۆسارە

گوڵ شێوەی ڕوخسار ئازیز ئەنوێنێ
بلبل بەڕوویا وەک من ئەخوێنێ

گوڵاڵە شەونم سەرمەستی ئەکا
دڵی ڕووی یارم بەدمەستی ئەکا

فرمێسکی چاوم شتاو ئەدا جۆش
وەنەوشە لە تاو دەردی من شین‌پۆش

ئای بۆ دڵخۆشێ کە زاری نەبێ
غوسسەی بێ مەیلی دڵداری نەبێ

بدا بە قیبلەم عەرزەی زەلیلیم
باش تێی‌گەیەنێ لە هەردەگیلیم

بەڵکو ڕێک‌کەوین ڕۆژێک لە گەڵ یار
سەیری بەهار کەین دیارە و دیار

سا نەیچی دەی نەی، های دەروێش دەفێ
قەزای پەنجەکەت لە گیانم کەفێ

تۆ بەسەدای دەف ئەو بە نەوای نەی
جەرگم لەت‌لەتکەن ڕیشەی دڵ کەن پەی

ئای بۆ ساقیەک چواردە ساڵە بێ
بینی شەرابی پڕ پیاڵە بێ

بەڵام شەرابی کۆن و چل‌ساڵە
بەڵکو ڕزگار بم لە دەست ئەم حاڵە

ئەم ووت پیشەی عەشق خاری شێرگیرە
چنگی چنگ نییە قولاپی شیرە

پەنجەی لە ناو جەرگ هەر کەسێک گیر کرد
ئامانی نادا ڕیشەی دەرهاورد
دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی محەمەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ١٧١-١٧٣.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit