ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد شیعری دڵداری
١٨. وەک ژەهر تاڵ بێ
وەک ژەهر تاڵ بێ، وەک ژەهر تاڵ بێ
تامی زبانم با هەر وا تاڵ بێ

دڵێ بێ غەمی خاڵت مەلاڵ بێ
ئەو دڵە دانەی شەوچرای لاڵ بێ

با گەوهەری تاج ڕۆستەمی زاڵ بێ
توخوا لێی گەڕێ با بە زووخاڵ بێ

سەری سەربەرز بێت بۆ بارەگای تۆ
بە شەو سەر نەدا لە بارەگای تۆ

ئەو سەرە سەردار دەورانی دوون بێ
توخوا لێی گەڕێ با سەرنگوون بێ

دیدەم دیدەیەک نەبینێ چاوت
چاو نەڕێژێ بە گەردی پێڵاوت

ئەو دیدە دیدەی ئاهووی تەنیا بێ
تو خوا لێی گەڕێ با نابینا بێ

دەستی پڕ نووری یەدی بەیزا بێ
ئەگەر لە دەستەی زوڵفت جودا بێ

هەر چەند فرعەونی پێ پڕ ئازا بێ
ئەو دەستە با هەر بەستەی قەزا بێ

پەی پەی پەیجورت نەبێ پەیاپەی
وەک سێبەر ڕێگات نەپێوی پەی پەی

ئەو پایە پایەی عەرشی ڕەحمان بێ
یا خوا پا بەستەی کۆتی زیندان بێ
‌دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی محەمەد ڕەسوول هاوار، لاپەڕە ١٧٠و١٧١.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit