ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پۆکه‌ر که بۆ که‌ر له هه‌موو شوێنی
خه‌رج و باجی خۆی به‌زۆر ئه‌سێنێ

وامزانی ئه‌مه‌ تازه له‌ناوه
نه‌مزانی سه‌دساڵ له‌مه‌وپێش باوه

(سالم) له‌مه‌و پێش باسی کرددوه
ئه‌و به گه‌نجه‌فه ناو بردووه

سێ ئاس و دوو شای داناوه به فوول
کچیش (بی بی)یه‌ کۆڕ لۆتی بێ پووڵ

ئەوسایە جۆکەر دانەهاتبوو
وا دیارە پیاوی ئەوسا یەک ڕوو بوو

ئێسته‌کە جۆکەر لە ژوور هەموانە
دیارە دووڕوویی مۆدەی زەمانە

جۆکه‌ر ناوی خۆی به‌خۆیه‌وه‌یه‌
هه‌رچی بته‌وێ بۆ تۆ ئه‌وه‌یه

ئه‌گه‌ر وێرگولی بکه‌وێته ناو١
ئالیک و چوارپێ یه‌ک ئه‌خا ته‌واو

ئای پۆکه‌ر چه‌ندت ڕه‌ست له‌سه‌ر بێژرا
ئای مونتکارلۆ٢ چه‌ندت تیا کوژرا

هی وایشمان هه‌یه به وشکه مه‌له‌
(پوت)یان دوو فلسه ئه‌ویش هه‌ر حه‌له

١. جۆکه‌ر: ده‌بێته جۆ، که‌ر؛ جۆ و که‌ر.
٢. شاری مونتکارلۆ له فه‌ره‌نسه به‌ناوبانگه به یاری قوماری هه‌مه‌ڕه‌نگ.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٢٨٦و٢٨٧.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٢٦٠.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit