ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
پیرەمێرد بەشی شیعری ویژدانی
١٤. دڵە با بەس بێ
دڵە با بەس بێ، دڵە با بەس بێ
وەرەوە هۆش خۆت، دڵە با بەس بێ

جڵەوت با بەس بە دەس هەوەس بێ
بە گڕی سەودا دڵت قەقنەس بێ

با بەس خەیاڵت خەیاڵی خاڵ بێ
بە پیری عەقڵت وڕکی مناڵ بێ

تاکەی پەیجووری دیدەی بازانی
تاکەی گیرۆدەی گەردن قازانی

سەیر کە هام فەردان، هام دەرد و هام مەشق
نازک خەیاڵان ماسی دەریای عەشق

هەریەکە بە داخ لەیلێکی بێ مەیل
دەردی پڕ میحنەت دڵ لە هیجران کەیل

بەرەودوا چوونە هەوارگەی ژێر خاک
ناوی ون کردن دەورانی بێ باک

خاڵییە شوێنی نازک خەیاڵان
نەما گۆرانی ئەگریجە و خاڵان

لە هەموان پێشتر سای سینە سافان
مەخدوومی (مەعدووم) مەولەوی جافان

جێنیشینی ئەو (بێسارانی) بوو
خاوەن تەریکەی هادی سانی بوو

ئەبیاتی (یۆسف)، دیوانی (خانا)
(مەلاکەی گۆران) شاعری دانا

ئەشعاری ڕەنگین (دێوانەکەی شەم)
واتەی (ڕەنجووری) دەروون پڕ لە خەم

من کە لە شیعرا ناگەمە ئەوان
هاوار ئەبەمە بارەگای یەزدان

هانام بەتۆیە ئەی خودای بێچوون
عەفوت لە تاوان بەندەگان ئەفزوون

منیش دوای ئەوان ئەڕۆم بە نۆبە
لە گوناهـ تۆبە، بەخشندەش تۆ بە١

١. وه‌رگێڕاوی شیعری مه‌لا عه‌بدوڵڵای (داخی)یه‌:
دڵه‌ با وه‌س بۆ...
هوشیار به‌ر واده‌ی مه‌ستیت با وه‌س بۆ.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی دووه‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٢٢٥و٢٢٦.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٢٤٤و٢٤٥.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit