ئاڵەکۆک

پیرەمێرد add_a_photo
نەسرین گوڵی نەسرینە
چووزەرەی یاسەمینە
خنجیلە و خوێن شیرینە
دەمی بە پێکەنینە
کەیفی لە هەڵپەڕینە
شنە شنی بیبینە

نەسرین گوڵی بەهارە
لێو ئاڵە چاو بەخومارە
لەناو كچانا دیارە
خوازبێنیکەر هەزارە
لووتی لە هەموان خوارە
کەسی ناوێ لەم شارە

نەسرین گوڵی هاوینە
فریشتەی سەرزەمینە
پەریزادەی ماچینە
گوڵ ئەستێرەی نوورینە
نەتەوەی خاتووزینە
پاوانەی پێی زێوینە

نەسرین گوڵی پاییزە
بۆنخۆشە وەک گەزیزە
کچە کوردە ئازیزە
تورک و عەجەم بە ڕیزە
لەبەر دەستیا کەنیزە
بۆیە بە دەعیە و فیزە

نەسرین گوڵی زستانە
شەوچرای کوردستانە
چاوی پیاڵەی مەستانە
چلوورەی گوێسه‌وانە
بەو چاوە بەستوویانە
نەسرین وادەی هەڵسانە

نەسرین ساڵمان تەواو کرد
سەیری دەشت و سارات کرد
جلی سەوزیان لەبەر کرد
بە حساب وا تۆش پێت گرت
شیعری خۆتت لەبەر کرد
بیخوێنەره‌وە ورد ورد
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: ئومێد ئاشنا، به‌رگی یه‌که‌‌م، لا‌په‌ڕه‌ ٣٧٤و٣٧٥.
دیوانی پیره‌مێرد، پیداچوونه‌وه‌ی: محه‌ممه‌د ڕه‌سوول (هاوار)، لا‌په‌ڕه‌ ٣٥٦و٣٥٧.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit