ئاڵەکۆک

مەلا حەسەنی دزڵی add_a_photo
دزڵی دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی
٣٤. یا شێخی سەروەر یا مەردی مەیدان
یا شێخی سەروەر، یا مەردی مەیدان
یا شۆر و شەرەف پیر و مریدان
یا ئومێدی کورد، یا شای هەژاران
ڕۆشنی ئوجاخ ئێل و تەباران
چی بێژم لە وەسف بوزرگەواریت
لە ڕەنج و ئازار، لە دەردی کاریت
گیان فیدای خەڵک و ڕێنمای ئینسان
شەمعی سووتاوی ڕێگەی کوردستان
خواردن و خەوتن، ئاهەنگ و شادی
فیدات کرد، بەخشیت لە ڕێی ئازادی
بووی بە دەلیل و حوججەتی خوا
بۆ ئێمەی هەژار، بوویتە ڕێنوما
لایغیِّرُ، گفتەی خوایە
بەبێ تۆ دەعوای کورد ناڕەوایە
تۆ سابتت کرد کوردیش ئینسانە
وەکوو ئەم خەڵکە، خەڵکی جیهانە
مەلیکی ئەوێ، وەک مێلوورە و هەنگ
هەرکەس ئیژێ نا، سەری دا لە سەنگ!
بۆ کورد گڵۆڵەی بەختی تێکەڵ بوو؟
تێکاڵاو پژا و سەروژێرۆ بوو؟
تف لە کەمتیار بەریتانیا
سەد هەزار لەعنەت، لە کەبیری وا!
ساڵانی ساڵە ئێمەی بێچارە
هەر پێمان ئێژن، حەوشەتان لارە!
خوا بە خواییت لە تەواو جیهان
نموونەی کوردت نەبووە لە دەوران
کام سیفەتی چاک، کام خوو پەسەندە؟
کورد لە شەرەفدا، چەند هەزار چەندە!
با نەڵێن هات و ژیا و پاشان مرد
کورد بۆ ئازادی، کارێکی نەکرد؟
تۆ سابتت کرد، بۆ هەموو جیهان
گیانت فیدا کرد، لە ڕێی کوردستان
سەرت بەرز کردین، خوا سەربەرزت کا
گەردەن ئازا بی لە هەردوو دنیا
مەحموود فەرموویە بەو سینە و سۆزی
حەسەن ئیمڕۆمان نەبوو، با سۆزی
بەش خوا زوو زوو مەحموود بنێرێ
حاڵێ تر بە سەر کوردانا بێرێ
ئەم مەحموود نەبوو، بەڵکوو ئەو موحموو
خوا گەورەترە لە سوڵتان مەحموو!
تا بەڵکوو ئێمەیش بگەینە ئاوات
بێژین بە دیدار موحەممەد سەڵەوات!
بۆ شێخ مەحموودی حەفید

پەراوێز edit