ئاڵەکۆک

ئەخۆل add_a_photo
ئەخۆل دیوانی ئەخۆل
٧٣. شینی بێخود
لەپڕ تاریکی کرد چاوم، وتم: یاران چ قەوماوە
مەڵێن! ڕاستە کە گەردوون بێخودی بەرزی لە گڵ ناوە
بەڵێ ئەمرین هەموو ئەمما کتوپڕ مەرگی بێ ئامان
شتێکی وا بقەومێنێ لە هیچ قەومێ نەقەوماوە
درێغ بۆ شەوچرای بەرزی بە تیشکی کۆمەڵێ ئاداب
درێغ بۆ کۆڵەکەی دین هەیکەلی ئیمان کە ڕووخاوە
بە کۆچت ناتە گڵ شێوەی پڕئاهەنگی تەڕی شیعرت
بە کۆچت شیعر کەوتۆتە تەعزێ، جەرگی سوتاوە
لەوە دڵگیر نەبی بێخود وەجاخت کوێرە بێ ڕۆڵەی
هەزاران شیعری وەک دوڕی هەتیوت پاش بەجێماوە
چ شیعرێک پڕ لە نەغمەی داودی و ئاوازی پڕ مۆسیقا
خرۆش و جۆش و نەشئەی خستە جەستەی زوشت و زیباوە
بڕۆ بێخود بە خودداری بەرەو دەرگاهی یەزدانی
گومانی تیا نییە دەرگای بەهەشتت بۆ ترازاوە
لەسەر ڕێگاکەتا ئارایشە قەوس و قەزەح وەک «تاق»
بەرەو پیرت پەری و غیلمانی جەننەت چۆکی داداوە
لەسەر هەر چڵ لە دەم هەر گوڵ چ قومری و خونچەیەک دیارە
بە شیعری پڕ لە نەشئەی تۆ دەخوێنیت و دەمی داوە
لە دوو دونیا کە وا هی تۆن ژیانی خۆت و دواڕۆژت
سەری بەرزت لەمە دونیا، لەویشت پشتی کۆماوە
ژیانێ پڕ لە خۆشی بێ و لە ناخۆشی کە دیوتە خۆت بڵێ بێخود
ئەوەی فەرموویەتی یەزدان لە چارەی خۆتە نووسراوە
بەقەد ڕێزەی گەڵای پاییز بەقەد هەوری بەهاری سوور
ئەوا چەپکێکە زەرد و سوور لەسەر گڵکۆتە دامناوە
غەریبم دوور لە کۆمەڵتم لە ڕۆژی چلهەمی مەرگت
بەڵام دڵ هەر لەلاتانە نیشانەی چاوی پڕ ئاوە

پەراوێز edit