ئاڵەکۆک

ئەخۆل add_a_photo
ئەخۆل دیوانی ئەخۆل
٦١. ئەی فەلەک
ئەی فەلەک توخوا بە ناحەق بەندی زیندانم بەسە
لێم گەڕێ ساتێ بژیم با، بەسیە گریانم بەسە
ئەی فەلەک تا کەی ئەسیری دەستی خۆتم تۆ دەکەی؟
مەسخەرەی دوژمن حەزینی ڕوو بێ دۆستانم بەسە
ئەی فەلەک سووچم چییە من ئەخەیە زیندانەوە؟
تووشی ئەنواعی فەلاکەت بوون و سووتانم بەسە
بەرگە و سەبر و تەحەممول ناگرم هێزم نەما
مەوجی فرمێسکی وەکوو خوێن قوڵپی گریانم بەسە
ناوسکت کردم بە خوێناو خۆ جگەر وێنەی کەباب
دووکەڵی ئاهی دەروونم تا بە ئاسمانم بەسە
توخوا بۆچ ئەمکوژی تۆ جوانەمەرگم بۆ ئەکەی
ئاهی مەزلوومانە و هاواری تیفلانم بەسە
بەسیەتی لەم حاڵە زیاتر بوو بە شانەی هەنگ دڵم
کونکون و قیمەی جنینی جەرگی بوریانم بەسە
مەمکەرە قوربانی میحنەت وا ئەڵێم سووتانمی
بێ جورم و عوزر و گوناهم حوکمی خنکانم بەسە
بێکەست کردم کە کردت بۆچی تۆ ڕیسوام ئەکەی
گیرەوەی چەن دەرد و مەینەت خانە تاڵانم بەسە
تۆ خودا وەرگێڕە ڕوویەک بەختیارم تۆ بکە؟
بەحری چەرخت بێتە جەولان تۆزی بارانم بەسە
ئەی خوا لاڵانەوەی من بەم زوبانی لاڵەوە
ڕوو لە قاپی و دەرگەهی تۆم، ڕووت و عوریانم بەسە
ڕووڕەشی دەرگانەکەی تۆم و سەگێکی موستەفا
مل کەچی دێوانەکەی تۆم لوتف و ئەمانم بەسە
بیکە بۆ جاهی محەممەد خاتەمی جەمعی ڕوسول
لەو غەزینەی پڕ لە ڕەحمەت تۆزێ ئیحسانم بەسە
عاشقی شۆخێکە ئەحمەد بۆیە وا ڕیسوا بووە
یا نەجاتم یا خەڵاتی یاری جارانم بەسە

پەراوێز edit