ئاڵەکۆک

ئەخۆل add_a_photo
ئەخۆل دیوانی ئەخۆل
٣٤. سکاڵایەک
چە تەدبیر ئەی موسوڵمانان سەراپا غەرقی خوێناوم
ئەڵێی تەرزەی بەهارانە ئەڕێژی ئەشکی سوور چاوم
بە دوو شت جوانەمەرگم یەک نەبوونی کەس بە کەس بینم
دووەم کوژراوی شۆخێکم کە دڵ پڕ دەرد و زووخاوم
وەسییەت بێ ئەوا ئەمرم مەکەن هیچ شین و زاری بۆم
بەڵام زۆر بێکەسم یاران تووبی خوا ون مەکەن ناوم
مەدەن هیچ ئەزیەت و جەورێ جلی خۆم کفنمە بەسمە
دەخیل مەمشۆن لەشم زامە بە خوێنی دڵ کە شۆراوم
لە جێی سێڕۆژە و خێرم بڵێن بەو قاتیلەم بەڵکوو
بە لای تابووتما بڕوا بڵێ یەک بەستە بۆ باوم
ببەستن موویەکی زوڵفی بە ئەنگوستی شەهادەتمان
لە مەحشەردا تا بزانن بە ناحەق من کە کوژراوم...
لە باتی خەتم و شەوجومعە بڕێژن خاکی بەر ڕێکەی
بە دەوری قەبرما تاکو بزانم من کە هەر ماوم
خودایە سا عەفوم کەی تۆش بە حەقی خۆشەویستی خۆت
شەهیدێکم شەهیدی عەشق وەکوو پەروانە سووتاوم
لە تەئریخی هەزار و سێسەد و چلی هیجری
هەتا ئەمڕۆژە وا ئەمرم شەریکی قەهر و زوخاوم
بە گریە و ناڵە و شین بە هاوار و بە قوڕپێوان
ئەوا ڕووم کردە دیوانت موحەممەد ئەحمەدە ناوم

پەراوێز edit