ئاڵەکۆک

ئەخۆل add_a_photo
ئەخۆل دیوانی ئەخۆل
١٧. ئەی بێ وەفا
خۆ تۆ خوا نەبووی سوجدەم بۆ بردی
وەک بت و سەنەم لە ملم کردی
تاقی ئەبرۆتم کردە قیبلەگاه
بەردرگاکەتم کردە خەڵوەتگاه
ناوی تۆم کردە ویردی زمانم
لە جێی تەهلیلەی ڕۆژ و شەوانم
جگە لەمانەش ئەرکی دڵداری
لە گریە و ڕۆڕۆ شیوەن و زاری
ئەمانە هەموو تەمەنی جوانی
پێشکەشم کردی زۆر بەئاسانی
کە چی نەمزانی چی وای لێ کردی
ئەو دڵە ڕەقەی نەرم نەکردی
بەڵام ئەزانم ڕۆژێ لە ڕۆژان
لەم دڵڕەقییەت ئەکا پەشیمان
لە پەشیمانیش هیچ سوود نابینی
ئاسن بە ئەژنۆت ئەبێ بشکێنی
بۆ منی کڵۆڵ وا پەتیارەت کرد
بۆ خۆیشت کە خۆت، خۆت بەم دەردە برد

پەراوێز edit