دەزگای جگەرەی دووکانەکەی من
تەختەدارێک بوو چاکتر لە ئاسن
ڕزگاری کردم لە ڕاتبەکردن
بوو بە دەستگیرم تا وەختی مردن
***
نەیهێشت ماڵەوماڵ سەگ بوەڕێ لێم
هیچکەس نەزانێ لە تایەفەی کێم
کەڵوڕم یاخود سەیاحی بێ جێم
سەرتاپا کەوا شڕ تا بەر دەرپێم
***
بەڕاستی پیریی دەستگیرم بوو
تۆپ و تفەنگ و ڕم و شیرم بوو
منی کرد بە شا خۆی وەزیرم بوو
ڕۆژ و شەو خەریک ڕا و تەگبیرم بوو
***
پیرانە دەستی نایە ناو دەستم
تەڵقین بە ژیان بێ ئەقڵی بەستم
بۆیە من وەها حوڕ و سەربەستم
بێ مەراق ئەژیم بێ عەرەق مەستم
***
ڕێگەی تەمەڵی لێ تەلبەن کردم
نانی کەسیفی لەسەر دەربردم
زوو لێی گەیشتم هەرچەندە کوردم
خاوەن تەجرەبە و ئیش بەراوردم
***
هەرچەندە دار بوو بەڵام ڕۆحدار بوو
بە زمانی حاڵ مامۆستای کار بوو
پاشەڕۆژبینی منی هەژار بوو
بەسەر وەک مردوو بە دڵ هوشیار بوو
***
لە جێی هەموو کەس پشتیوانم بوو
ڕووناکی دڵ و دیوەخانم بوو
هەم هێزی ئەژنۆ و جێی ئامانم بوو
قەڵغانی تیغی دوژمنانم بوو
***
وەکوو حاجییەکان دەستیدا باڵم
بوو بە سەبەب کار ژینی مناڵم
لێفە و دۆشەک و ئەسپابی ماڵم
ڕەونەقی فکر و ئەقڵ و خەیاڵم
***
قەزای دەزگاکەم لە کەسێ کەوێ
بەتاڵ ئەگەڕێ و ئەخوا و ئەخەوێ
گایەک بەتەنیا ئەخوا بە شەوێ
سەرزل و ملپان لێی پاڵ ئەکەوێ
***
یاخود ئەگەڕێ دایم ماڵەوماڵ
سەگ لێی ئەوەڕێ توولە تا گەماڵ
ڕووزەردی عالەم گەورە تا مناڵ
پێی ئەڵێن هەزار قسەی ترش و تاڵ
***
قەترەی حەیاکەی چونکە تکاوە
هێندە ماڵان و دێهات گەڕاوە
عەبای حورمەتی یەکسەر دڕاوە
قسەی تاڵ لەلای گۆشت و پڵاوە
***
وەختی مردنی دەزگاکەم یەقین
شینی بۆ ئەکەم هەروەکوو شیرین
کفن هەم دفن یاسین و تەڵقین
تەسلیمی ئەکەم بە خاک و زەمین
***
موفتی لە خوڵقا تۆ بۆیە خاسی
هەقیقەتبێژ و نیعمەتشوناسی
قەلبەن لە سپڵە و بێوەفا یاسی
دڵپڕ لە دەردی وا گێژ و کاسی