شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: دەزگای جگەرەی دووکانەکەی من دەزگای جگەرەی دووکانەکەی من تەختەدارێک بوو چاکتر لە ئاسن ڕزگاری کردم لە ڕاتبەکردن بوو بە دەستگیرم تا وەختی مردن *** نەیهێشت ماڵەوماڵ سەگ بوەڕێ لێم هیچکەس نەزانێ لە تایەفەی کێم کەڵوڕم یاخود سەیاحی بێ جێم سەرتاپا کەوا شڕ تا بەر دەرپێم *** بەڕاستی پیریی دەستگیرم بوو تۆپ و تفەنگ و ڕم و شیرم بوو منی کرد بە شا خۆی وەزیرم بوو ڕۆژ و شەو خەریک ڕا و تەگبیرم بوو *** پیرانە دەستی نایە ناو دەستم تەڵقین بە ژیان بێ ئەقڵی بەستم بۆیە من وەها حوڕ و سەربەستم بێ مەراق ئەژیم بێ عەرەق مەستم *** ڕێگەی تەمەڵی لێ تەلبەن کردم نانی کەسیفی لەسەر دەربردم زوو لێی گەیشتم هەرچەندە کوردم خاوەن تەجرەبە و ئیش بەراوردم *** هەرچەندە دار بوو بەڵام ڕۆحدار بوو بە زمانی حاڵ مامۆستای کار بوو پاشەڕۆژبینی منی هەژار بوو بەسەر وەک مردوو بە دڵ هوشیار بوو *** لە جێی هەموو کەس پشتیوانم بوو ڕووناکی دڵ و دیوەخانم بوو هەم هێزی ئەژنۆ و جێی ئامانم بوو قەڵغانی تیغی دوژمنانم بوو *** وەکوو حاجییەکان دەستیدا باڵم بوو بە سەبەب کار ژینی مناڵم لێفە و دۆشەک و ئەسپابی ماڵم ڕەونەقی فکر و ئەقڵ و خەیاڵم *** قەزای دەزگاکەم لە کەسێ کەوێ بەتاڵ ئەگەڕێ و ئەخوا و ئەخەوێ گایەک بەتەنیا ئەخوا بە شەوێ سەرزل و ملپان لێی پاڵ ئەکەوێ *** یاخود ئەگەڕێ دایم ماڵەوماڵ سەگ لێی ئەوەڕێ توولە تا گەماڵ ڕووزەردی عالەم گەورە تا مناڵ پێی ئەڵێن هەزار قسەی ترش و تاڵ *** قەترەی حەیاکەی چونکە تکاوە هێندە ماڵان و دێهات گەڕاوە عەبای حورمەتی یەکسەر دڕاوە قسەی تاڵ لەلای گۆشت و پڵاوە *** وەختی مردنی دەزگاکەم یەقین شینی بۆ ئەکەم هەروەکوو شیرین کفن هەم دفن یاسین و تەڵقین تەسلیمی ئەکەم بە خاک و زەمین *** موفتی لە خوڵقا تۆ بۆیە خاسی هەقیقەتبێژ و نیعمەتشوناسی قەلبەن لە سپڵە و بێوەفا یاسی دڵپڕ لە دەردی وا گێژ و کاسی ++++++++++++++++++++++