ئاڵەکۆک

موفتی پێنجوێنی add_a_photo
موفتی دیوانی موفتی پێنجوێنی
٢٣. مەردانە لە دەس وەحشەت و نادانی هەڵاتم
مەردانە لە دەس وەحشەت و نادانی هەڵاتم
حاشا لە هەموو نیعمەت و خۆرشت و بەراتم
هەستان لە خەوی غەفڵەتە ئەسبابی نەجاتم
نایدەم بە فەلەک زەمزەمە و شۆری وڵاتم
قوربانی ئەکەم ڕۆح و سەر و ماڵ و حەیاتم
ڕێی ڕاستینە بێ شک لە هەموو عوقدە ڕەهابوون
گەر تێکی نەدا هۆش و خەیاڵم دەسی گەردوون
چیم داوە لە فێڵ و تەڵەکەی واعیز و ئاخوون
شێخ نیم کە بە تەزبێح و ڕیابازی و ئەفسوون
وەک ئاشێ بە دانی ئەم و ئەو لا بێ نیشاتم
پێم خۆشە سەپانێکی دەر و دەشت و عەرزکێڵ
نەک بم بە دوعانووس و بڕۆم ڕووکەمە ناو خێڵ
یاخوو بە خەلیفێکی ملئەستووری ڕدێن بێڵ
یا کۆلکەمەلایێ بە عەبا و مێزەری پڕ فێڵ
دەروێزەیی ئیحسان ئەکەم و سەرفتر و زەکاتم
تێی هەڵدە لە ژینی تەمەڵی و حیزی و سستی
یا نانی کەسیفی بە تەمای خزمەتی پەستی
وریام و بەدڵ دوژمنی بێهۆشی و مەستی
دوورم لە مەعاشخۆری و بێگانەپەرەستی
ئیسپاتی ئەکا ژینم و لافاوی حەیاتم
لەعنەت لە کەسێ بێ بە وەتەن خائن و ناپاک
ڕۆحێکی نەبێ بەرز و دڵێکی گەش و ڕووناک
هەقبێژم و هەقنووسم و بێ ترسم و چالاک
کوردێکی دلێرم لە هەموو گەردشێ بێباک
ڕۆڵێکی وەفادارم و پڕ عەزم و سوباتم
بێ دەنگ و سەدا دڵ لە کوڵانایە بە سەد جۆش
وا حاڵییە دوژمن کە کەڕ و گێژم و بێهۆش
با پێ بکەنێ پێم و بژی ئێستە بە دڵخۆش
وەک شێری ژیان جارێ کە من ماتم و خامۆش
سەییادی کەمین چاوەڕێیی دەرفەت و هاتم
موفتی وەکوو خەڵکی مەبە تالب بە زەڕ و زیو
بێهودە مەسووڕێ لە بیابان و چەم و شیو
ناحەز وەکوو دابەستە زکی پڕ لە بەز و پیو
سووڕانی فەلەک - دێ نۆبەیی مەش گیو
ئازادی و سەربەستییە دڵخواز و ئاواتم
پێنج خشتەکی موفتی لەسەر شیعری گیوی موکریانی

پەراوێز edit