شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: مەردانە لە دەس وەحشەت و نادانی هەڵاتم سەبارەت: پێنج خشتەکی موفتی لەسەر شیعری گیوی موکریانی مەردانە لە دەس وەحشەت و نادانی هەڵاتم حاشا لە هەموو نیعمەت و خۆرشت و بەراتم هەستان لە خەوی غەفڵەتە ئەسبابی نەجاتم نایدەم بە فەلەک زەمزەمە و شۆری وڵاتم قوربانی ئەکەم ڕۆح و سەر و ماڵ و حەیاتم ڕێی ڕاستینە بێ شک لە هەموو عوقدە ڕەهابوون گەر تێکی نەدا هۆش و خەیاڵم دەسی گەردوون چیم داوە لە فێڵ و تەڵەکەی واعیز و ئاخوون شێخ نیم کە بە تەزبێح و ڕیابازی و ئەفسوون وەک ئاشێ بە دانی ئەم و ئەو لا بێ نیشاتم پێم خۆشە سەپانێکی دەر و دەشت و عەرزکێڵ نەک بم بە دوعانووس و بڕۆم ڕووکەمە ناو خێڵ یاخوو بە خەلیفێکی ملئەستووری ڕدێن بێڵ یا کۆلکەمەلایێ بە عەبا و مێزەری پڕ فێڵ دەروێزەیی ئیحسان ئەکەم و سەرفتر و زەکاتم تێی هەڵدە لە ژینی تەمەڵی و حیزی و سستی یا نانی کەسیفی بە تەمای خزمەتی پەستی وریام و بەدڵ دوژمنی بێهۆشی و مەستی دوورم لە مەعاشخۆری و بێگانەپەرەستی ئیسپاتی ئەکا ژینم و لافاوی حەیاتم لەعنەت لە کەسێ بێ بە وەتەن خائن و ناپاک ڕۆحێکی نەبێ بەرز و دڵێکی گەش و ڕووناک هەقبێژم و هەقنووسم و بێ ترسم و چالاک کوردێکی دلێرم لە هەموو گەردشێ بێباک ڕۆڵێکی وەفادارم و پڕ عەزم و سوباتم بێ دەنگ و سەدا دڵ لە کوڵانایە بە سەد جۆش وا حاڵییە دوژمن کە کەڕ و گێژم و بێهۆش با پێ بکەنێ پێم و بژی ئێستە بە دڵخۆش وەک شێری ژیان جارێ کە من ماتم و خامۆش سەییادی کەمین چاوەڕێیی دەرفەت و هاتم موفتی وەکوو خەڵکی مەبە تالب بە زەڕ و زیو بێهودە مەسووڕێ لە بیابان و چەم و شیو ناحەز وەکوو دابەستە زکی پڕ لە بەز و پیو سووڕانی فەلەک - دێ نۆبەیی مەش گیو ئازادی و سەربەستییە دڵخواز و ئاواتم ++++++++++++++++++++++