ئاڵەکۆک

موفتی پێنجوێنی add_a_photo
موفتی دیوانی موفتی پێنجوێنی
١٠٢. کچێکم هەیە لە پۆلی سێیە
کچێکم هەیە لە پۆلی سێیە
خوشکی هەنار و لیمۆ و بەهێیە
هەتا نیوەڕۆ خوێندەوارمە
لەپاش نیوەڕۆ کاسبکارمە
لەبەر بێکەسی کردوومە بە پیاو
بۆ یاریدەی خۆم هێناومەتە ناو
پیشەی مەردییە نانی بە زەحمەت
مردن خۆشترە لە نانی منەت
کەچی گوێ ئەگرم وەک تۆپی دەتیر
تەقەم لێ ئەکەن هەرزەکار و پیر
ئەڵێن بەڕاستی حەیای ئەم شارە
ئەم پیاوە بردی بۆ پووڵ و پارە
کێ دی کێ بیستی لە دێهات و شار
کچ لەجێگەی کوڕ بن بە دووکاندار
دیارە نیشانەی ئاخرزەمانە
کە وا ئابڕوو ڕووی لە نەمانە
قەزای ئەم کچەم لە کەسێ کەوێ
بێ کەڵک و بێ خێر ئەخوا و ئەخەوێ
ئەژی و ملئەستوور سەرزل و ملپان
دەستمایەی دەستی هەر سواڵە و گەڕان
خۆ بەم ژیانەش ژنیش ئەهێنێ
تۆوی تەمەڵی تیا دائەچێنێ
حاسڵی زەرعی کە بۆم پێ ئەگا
پێنج شەشی وەک خۆی دێنێتە دنیا
ئێوە و خواتان کچی کاسبکار
بۆ باشتر نییە لە پیاوی بێکار
ئەو عەیبە لەکوێ ئەم عەیبە لەکوێ
بەڵام داخەکەم کەس نایخاتە گوێ
کاسب خۆشەویست دەرگای خوایە
ناکاسب هەمووی دەرد و بەڵایە

پەراوێز edit