کچم با نەختێ تۆش وەکوو کاکت
ئامۆژگاریت کەم بۆ ڕێگەی چاکت
زانین بۆ ژیان لە واجباتە
بێ تەعلیم بەشەر وەک حەیواناتە
شوو بکە بە کەسێ کە هاوشانت بێ
هاوعومر و هاودین هاوزبانت بێ
یا سنعەتکار بێ یاخۆ فەلا بێ
یا خاوەن موڵکی دوور لە بەڵا بێ
بووی بە هاودەمی ژیانی هەرکەس
یەک گیان و دڵ بە تا ئاخرنەفەس
بەو شەرتە ئەویش لەگەڵ تۆ وا بێ
تا ئەمرێ یادی تۆی لە دڵا بێ
زیاتر لە باوک و برای شیرینت
چاکترە بۆ تۆ بۆ دنیا و دینت
بە غەیری خوا و ڕەسوولی ئەکرەم
هەر ئەوە بۆ تۆ هاودەم و هاوخەم
هەر ئەو هەمیشە خەمخواری تۆیە
ئەرک و ڕەنجی ئەو بۆ کاری تۆیە
زۆرتر لەسەر ژن ژیانی بەشەر
ئەکەوێتە جێی نەمان و خەتەر
لە هەوڵی ژین و نان و بەرگی ژن
مەرگی خۆی ئەکا بە پێشمەرگی ژن
بۆ شەکراو خواردن بۆ شۆرەت و ناو
شەش فەردە شەکری پێمەخە ناو ئاو
حەوکۆستووم جلی مۆدە و نەوزوهوور
پەڵپی لێمەگرە بە وتەی دایک و پوور
با شەکرەکانت لێفە و سەرین بێ
کە میوانت هات ماڵت ڕەنگین بێ
حەوت دەست جل شەشی قەرزی بازاڕە
کاتێ حەوتەت چوو لات زەهری مارە
چونکە خاوەنی داوای هەق ئەکا
وتەی زەهراوی تاڵ و ڕەق ئەکا
بەڵام سەنەدێ کە موسەدەق بێ
بۆ تۆ پێویستە لە جێگەی هەق بێ
نەوەک لەگەڵتا چاک نەبێ تا سەر
بە ڕووتوقووتی لە ماڵ بێیتە دەر
خۆیشت پێویستە تەجرەبەگیر بی
لە تەمەن گەنج و لە ئەقڵا پیر بی