ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
٩٥. فەلسەفەی لوقمان لە کن ئەم زاڵمە ناکا فلووس
فەلسەفەی لوقمان لە کن ئەم زاڵمە ناکا فلووس
چی لە ئەسبابی دەکا لایق بە زاوا بێ عەرووس
ئاشنایە دەست بە تەپڵی سەر لە وەختی حەسرەتا
قەت هونەرمەندان دەبن موحتاجی چووب و تەپڵ و کووس
هەر دەڵێی بەختی منە زلفی پەشێواوی سیاه
حەیفە من تەشبیهی تۆ ناکەم بە عاج و ئابەنووس
هەر سەحەر هەڵسام دەنیشێ غەم بە تەوقی سەرمەوە
ئەم هومایە قەت دەدا مەیدانی تەشریفی فسووس
موستەحەققی سەربڕینە بانگی ناحەق دەر ئەگەر
خۆ موئەززین عەیشی ڕەندان تاڵ دەکا نەک هەر خورووس
سەد دوعاشی دەرجی کاغەز کرد و تەئسیری نەبوو
دوو چەلیپای تا وەکوو زلفی نەکێشا نووشتەنووس
هەر کە دیم خاڵی لە حەڵقەی چەنبەری زلفا وتم
ئیمپیراتۆری حەبەش کەوتۆتە بەندی چاری ڕووس
پێی نەکا حەمدی بە پێ ناگا نەبێتە گەردی ڕێی
تازە لەو بەر دەرگەدا ڕێگەی درا بۆ خاکبووس

پەراوێز edit