نەوەک جارێ هەزار جارێ دەکەم ئەم جەژنە پیرۆزت
ئیلاهی کوللی شامێکت ببێتە سوبحی نەورۆزت
کە دێتە پێکەنین لێوی برینم بۆ دەمی تیغت
لە چاوی بەد بە دوور بێ نایەڵێ موژگانی دڵدۆزت
وەهامزانی کە چەشمەی ئاوی حەیوانە کە دەمتم دی
لە پەردەی زوڵمەتی زلفا بە شەوقی کوڵمی ئەفرۆزت
سکم سووتا بە خۆم عومری جوانیم هاتەوە خاتر
کە هەڵگیرسا چراغی دڵ بە نووری عەشقی پڕ سۆزت
لە نیسبەت مەوقیعایە دایما خاسییەتی ئەشیا
موفەڕکە دامەنی دلبەر وەکوو بەردی شەخس تۆزت
لە خەڵق و خوا نەترسای هەرچی مەیلت بوو ڕەقیب کردت
بەسە شەرمت ببێ ئەمجا لە زلف و ڕیشی ڕەش بۆزت
سیەه بەختن ئەوانەی ڕۆژیان کەوتۆتە دەس زاڵم
هەواخواهی زلف حەمدی نەبی بۆ چی ڕەشە ڕۆژت