ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
٤٨. لەسەر ڕوو پەرچەمت کردوویەتی تەشریحی ئایینت
لەسەر ڕوو پەرچەمت کردوویەتی تەشریحی ئایینت
مەسیحی بێ ئەگەر ئەهلی موحیببەت دێتە سەر دینت
بە یادی خاڵی تۆیە سەجدە بەر مۆرە دەبەن شیعە
لە مل زوننار دەکەن چینی لە خۆشی زلفی چین چینت
چ ئیمکانە قەمەر هەڵبێ موقابیل شەمسی ڕوخسارت
بە پەروانە نەبێ پەروین لە شەوقی چاوی پەروینت
بە جارێ تۆوی میشک و عەنبەری هەر کرد بە کۆی زوخاڵ
کە بۆی هێنا سەبا ناو و نیشانەی خاڵی میشکینت
لە شاخا دەنگی فەرهادم لە گوێ دێ هەر دەڵێ عاشق
بە گژ کێوا بچۆ نامەرد هەتە گەر عەشقی شیرینت
پڵ و پووشێکی وەک من کەوتە بەر ئەو شەمعی ڕوخسارە
حەقی سووتانە نابێتە دەلیلی لوتف یا کینت
ئەوی لەیلا پەرستە نەی سوارە هەر وەکوو مەجنوون
کە وەستا مەرکەبت دنیا پەرست بیکە لە خۆت زینت
وەکوو ئیکسیری ئەحمەر خالیسە خوێنی دڵی حەمدی
ڕەوایە ئێستە بیکەیتە نیگاری دەستی ڕەنگینت

پەراوێز edit