خوێنی چاوم وا خرۆشاوە خەریکە سەربەرێ
ئیحتیمالە بەم کوڵی گریانە ڕیشەی دڵ بەرێ
دڵ نەبێ چیمە لە بەحری عەشقی یاری بێ وەفا
هەڵدڕێ ڕەببی وەکوو ماسی بە نووکی خەنجەرێ
عاشقی ئەمڕۆ لە دنیادا نەمابوو نەوعی تۆ
گەر بە بێ ڕەحمی دەبوو شۆخی قەشەنگی دلبەرێ
نازی ئەرزی بۆ نەکێشێ ئەوجی ئیعلایی فەلەک
کەی بە سنگی خۆیەوە دیویە وەکوو تۆ ئەختەرێ
بێرە خەندە غونچە قیڕووسیا وەکوو گوڵ شەق دەبا
با ئەمەندە بگری بولبول تا وەکوو گیانی دەرێ
خاڵییە دنیا لە مەرد و تاقەتی سەودا نەما
بێتە مەیدانی موحیببەت ماوە گەر تەنها سەرێ
تۆ خەرامان بێرەوە دەڕوا جەهەننەم عالەمێ
سەد هەزاری هەر وەکوو حەمدی لە دەوری تۆ گەڕێ