وەرنە سەیری ئەو بتە غەممازە کەوتە دلبەری
عالەمی عەشق و موحیببەت بوون لە ڕۆح و دڵ بەری
بۆ شکارە باڵی ئەبرۆی دابەیەکدا چاوی باز
دڵ کەوا کەوتە تەپ و کۆ هەر وەکوو کەبیکی دەری
بشفڕن ناگەن بە گەردی دامەنی ئەو حوسنەدا
میسلی خۆر حوور و میسالی ماهتابان بێ پەری
خۆر لە خەتتی ئیستیوا وەستا قیامی کرد کە یار
نەک لە ئەرزیدا بنیشێ گەرد لە نەقشی سێبەری
تا ویساڵ هەر قاعیدەی سووتانە ناری هیجری یار
ئاگری زەردەشتییە عەشقە حەکیمی ئازەری
خاری گوڵ بۆ بولبولی بێ چارە هەر وەک نێزەیە
وەک دەکا برژانگ لە جەرگی عاشقاندا نەشتەری
سەیلی تالیع ئاشی دەوڵەت فیلحەقیقە خول دەدا
عاقیبەت وەک دانە دەیکا هەر بە گەرد کەوتە بەری
خۆت لە خۆ لادەر بە کوللی لابدەی چاکە ڕەقیب
مار کە لاڕێکا نەکوژرێ نانەوێ بۆ کەس سەری
فەتوەیی وەسڵی نەداوە موفتی ئایینی عەشق
مەرگی هیجران چاترە حەمدی لە ژینی کافری