ئاڵەکۆک

حەمدی add_a_photo
حەمدی غەزەل
١٦٧. بێستوون تۆزە سەنەم نیسبەت بە ئیستیغنایی تۆ
بێستوون تۆزە سەنەم نیسبەت بە ئیستیغنایی تۆ
حەقیە ناگاتە خەوی شیرینی گەردی پایی تۆ
من دوعاگۆی سەرکەشی تۆم نەمکوژی لەم وەختەدا
ناکەوێتە سەر جەنازەم سێبەری باڵایی تۆ
تۆ لە خەو هەڵسی هەڵێ خۆر بەزمی حوسنت گەرم ئەبێ
ئەی سەنەم ڕۆژە مەزەننە پەنبەیی مینایی تۆ
شک نییە جیسمی لەتیفم گەر وجوودێکم دەبوو
بۆ چی جارێکی نەدیوم دیدەیی بینایی تۆ
حوسنی تۆ ئیعلانی ئیستیقلالی کرد لەم عەسرەدا
هەیئەتی خاسی وجودی دەوڵەتە ئەعزایی تۆ
عەکسی ئەحواڵی جیهانە حاڵەتی دنیایی عەشق
موحتەرەم نابێ هەتا عاشق نەبێ ڕیسوایی تۆ
هەر لە زددی قاعیدەی عیلمە کە جەمعی زد ئەکا
مەست و هوشیارە سپی و ڕەش نێرگسی شەهلایی تۆ
شەرحی خزری داوە سەبزەی مەیکەدەی پیری موغان
چەشمەیی ئاوی حەیاتە کوپەیی سەهبایی تۆ
حەمدی کورت کورتە قسەت ئاڵۆزە فکری ئەمشەوت
باسی پەرچەم کە گەلێ شێتی ئەکا سەودایی تۆ

پەراوێز edit