سەیری حەربەی عەشقی جانان کەن کە هاتۆتە مەساف
ئەبرووە مەه لەتکەرە موژگانە تیری دڵ شکاف
هەر ئەوەل ڕۆژ ئەو خەمی زلفانەیم دی تێگەییم
هەڵخراوە بۆ دڵی ئەهلی موحیببەت دوو تەناف
هەر شەوێ دنیا کە خۆی ڕازانەوە ئەهلی دەڵێ
مردووە ئەو کفنەیە کردوویەتە پەردەی زەفاف
بۆ لە گوڵزاری جەماڵم دەردەکەی بێ گوڵچنین
قاعیدەی جەننەت کە ڕوخسەت دانە تا حەددی کەفاف
ماچی سەر کوڵمی بە دینی ئێمە حەججولئەکبەرە
حەججی دووبارە بە جارێ هەر دوو لێوی کەی تەواف
جیلوەبەخشی ڕەونەقی سوبحی ویساڵە شامی هیجر
خۆڵەمێشە هەر بە قەلبی ئاوێنەیداوە شەفاف
بێ شیعر شیرین نییە گەر قووتی ڕۆحە وەسفی یار
بێ شەکر دەیخۆنەوە فەرموو بزانە شیری ساف
عەشقی شیرین چاکە فەرهادی بە گژ چەرخا نەکرد
ڕاهڕەو ناکا تەماشا بێستوون بێ کێوی قاف
مەدحی خۆکردن بەیانی نارەسایی کردنە
بۆیە نادەن قەت هونەرمەندان لە دنیادا گەزاف
من سەما ناکەم بە دڵ شەخس و حەقیشیە چی بکا
خۆشی لێ نایێ کە ناکەم من بەیانانی خیلاف
حەمدی لەم بازاڕەدا سەودای بە دڵ کرد نەک خەیاڵ
گەوهەرێکە قیمەتی یووسف نەوەک نیوەی کەڵاف