من لەسەر تۆم کردووە ئیقلیمی دڵ جانا فیراغ
کەیفی خۆتە تۆ ئیتر دەیکەی بە کوڵخەن یا بە باغ
ڕوومەتت دەرکەوت لە بەینی بەرقی هەردوو زلفتا
وەک لە ناو بەحری سیادا گەوهەرێکی شەوچراغ
شێری بێشەی عەشقە دڵ سەیری بە یادی خاڵی تۆ
وەک پڵنگ یەکسەر وجوودی کردووە پڵپڵ بە داغ
مورغی دڵ ترسا لە بازی غەمزە هەروەک هەڵفڕی
بەختی ڕەش بوو کەوتە داوی زلفەوە وەک چنگی زاغ
چاوەڕێم گەردێ لە کۆیی یارەوە بینێ سەبا
چاوی پێ هەڵهێنم و پێشی موعەتتەر کەم دەماغ
بۆ شکانی دڵ دەلیلی کافییە فرمێسکی خوێن
ناڕژێ مەی گەر لە باخەڵ دانرێ مینایی ساغ
شێخ لە کەچکاری نەکەوتوە ماڵی گەچکاری دەکا
ڕووی دەبێ یا ڕەب بەچی هەنگامی مردندا سواغ
من کە سەرمەستی نیگاهی چاوی مەستی نازی تۆم
هەر خومارە و دەردی سەر بۆ من مەیە و جام و ئەیاغ
وێڵ و سەرگەردانی وادی عەشقە مەجنوونانە دڵ
تا نەچێتە کۆیی لەیلا ناکرێ حەمدی سۆراغ